نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا: مامەڵەی سیاسیمان لەگەڵ نەکەن، هیچ مووچەیەک نافەوتێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دڵنیایی دەدات لەوەی کار دەکەن بۆئەوەی ئەو مووچانەی ماون، لە داهاتوودا بدرێن و نەفەوتێن.
ئەمڕۆ هەینی فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە غەریب مەجید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە زاخۆ راگەیاند، "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە لەسەر هێڵە لەگەڵمان بۆ پرسی مووچە. دانوستاندن بەردەوامە و ئێمە هەموو پابەندییەکانمان جێبەجێ کردوون."
لەبارەی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، فارس عیسا گوتی، پێویست بوو چوارشەممە یان پێنجشەممە بگات، بەڵام "پشتیوان بە خودا، یەکشەممە یان دووشەممە دەگات."
لە عێراق مووچەی مانگی 10 و بەشێکی مانگی 11ش خەرجکراوە. سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی، "کار بۆ ئەوە دەکەین مووچەکانی دیکەش نەفەوتێن. یاسای بودجە تاوەکو 31ی کانوونی یەکەم کارایە، ئەگەر مامەڵەی سیاسیمان لەگەڵ نەکەن، ئەوا مووچەکان نافەوتێن."
لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "کارێکی تیرۆریستی بوو، نیشانەی ئەوەیە حکومەتی فیدراڵی ئەو هێزەی نییە ئاسایشی وڵات بپارێزی، دەستی تیرۆریستانیش درێژترە لە دەستی حکومەتی فیدراڵی و ئەوەش جێگەی داخە. ئەو لایەنانەی لە پشت ئەو کردەوانەن دیارن، لای ئێمە و لای حکومەتی فیدراڵیش دیارن."