سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: ساڵانە 15 ملیۆن تۆن چیمەنتۆ هەناردە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 200 ملیۆن دۆلار لە کەرتی وزەی خۆردا وەبەرهێنان کراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ساڵانە 21 ملیۆن تۆن بەرهەمی چیمەنتۆیان هەیە کە 16 ملیۆن تۆنی هەناردە دەکرێ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-01-2026 محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشیکرد، باسی لە کەرتەکانی وەبەرهێنان کرد و ژمارەیەک ئاماری خستەڕوو.
محەممەد شوکری ئاماژەی بە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆسی سویسرا کرد کە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت تێیدا بەشدار بوو.
لە داڤۆس شوێنێک بۆ کۆبوونەوە و دیداری شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەبەرهێنەران و بەرپرسانی وڵاتان بە ناوی ''ماڵی کوردستان'' تەرخان کراوە. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: ''ماڵی کوردستان وەک سەکۆیەکە بۆ ناساندنی زیاتری کوردستان و ئەوە سێیەم ساڵە دروستکراوە.''
بە گوتەی محەممەد شوکری، 20 وەبەرهێنەر لەگەڵ شاندەکەی هەرێمی کوردستاندا بوون، ''بێگومان چەندین کۆبوونەوە و پانێڵی تایبەت بە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان کرا و ئەو پڕۆژانەی کە مەبەستمانە لە داهاتوودا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن، بۆ بیانیییەکان خرانەڕوو.''
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوە کرد، مەسرور بارزانی لە داڤۆس جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە کابینەکانی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی دەدرێت.
کۆڕبەندەکە لە رۆژانی 20 تاوەکو 24 کانوونی دووەمی 2025 کرا کە دروشمی ئەم ساڵی، "هاوکاری لە سەردەمێکی ژیر" بوو.
''گازی پاک بۆ زۆربەی کارگەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێ''
کۆمپانیای دانەگاز و هاوبەشەکانی، لە چوارچێوەی کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیەم، گرێبەستێکی گرنگیان بۆ دابینکردنی گازی سرووشتی بۆ پیشەسازییەکان لە هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە، لە نێوانیاندا پیشەسازییە کیمیاییەکان و پیشەسازیی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و بەرهەمهێنانی ئاسن.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، ئێستا کارگەکان تێچووی زۆری کارەبایان هەیە، ''راکێشانی بۆڕیی گاز لەلایەن دانەگازەوە بۆ کارگەکان وادەکات بەردەوام وزەیەکی پاکیان هەبێ کە بەرهەمهێنانیان نەوەستێ و تێچووی کارەبایان کەم ببێتەوە. هەروەها لەڕووی ژینگەشەوە وزەیەکی پاک بەکاردەهێنرێ''.
محەممەد شوکری ئەوەشی خستەڕوو کارگەکانی شیش و چیمەنتۆ سوودمەندی یەکەم دەبن و ئەم ساڵ پڕۆژەکە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ''یەکەم کارگە کە پڕۆژەکەی تێدا جێبەجێ دەکرێ، کارگەیەکی پلێتی شیشە لە هەولێر.''
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان باسی لەوە کرد، کارگەکانی هەرێمی کوردستان لەڕووی ژێرخانەوە ئامادەی بەکارهێنانی گازی پاکن بۆ دابینکردنی کارەبا، ''بێگومان دەستکارییەک پێویستە، بەڵام بە تێچوویەکی کەم، قازانجێکی زۆر بۆ کارگەکان دروست دەبێ.''
''ساڵانە 21 ملیۆن تۆن چیمەنتۆ بەرهەم دەهێنین''
محەممەد شوکری ئاماژەی بە پیشەسازیی چیمەنتۆ کرد و گوتی، ''لە کوردستان ساڵانە 21 ملیۆن تۆن چیمەنتۆ بەرهەم دەهێنین کە پێداویستیی نێوخۆیی تەنیا 5 ملیۆن تۆنە.''
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ساڵانە 15 بۆ 16 ملیۆن تۆن چیمەنتۆ هەناردەی بازاڕەکانی عێراق و وڵاتانی وەک سووریا دەکرێ.
محەممەد شوکری لەبارەی بەبازاڕکردنی بەرهەمە پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''بەراورد بە عێراق بەرهەمەکانمان قبووڵکراوتر و کواڵیتییان بەرزترە. بۆیە هەمووکات لە عێراق خواستیان لەسەرە.''
''بە گوژمەی 200 ملیۆن دۆلار لە کەرتی وزەی خۆر وەبەرهێنان کراوە''
هەرچی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە رێگەی وزەی پاکەوە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی، ''حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە دەستپێسخەری کردووە کە ئێستا لە رێگەی گازی پاکەوە بەرهەمی کارەبای هەیە، هەروەها بۆ دانانی سیستمی وزەی خۆریش ئاسانکاری دەکات.''
محەممەد شوکری سەبارەت بە ئاسانکارییەکان بۆ وەبەرهێنان لە وزەی پاکدا دەڵێت: ''بەردەوام ئاسانکاری دەکەین کە لانیکەم خاوەن کارگەکان سوود لە رووبەری کارگەکانیان وەربگرن، بۆ ئەوەی وێستگەی وزەی خۆر بۆ دابینکردنی کارەبا دابنێن. ئێمە رەزامەندییان پێدەدەین.''
بەگوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژە گەورەکانی وێستگەی وزەی خۆر تەرخان کراوە، ''بەڵام ئەگەر ورد ببینەوە بۆ نێو کۆمەڵگە، دەبینینن ئێستا بەشێکی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستانیش پانێڵەکانی وزەی خۆریان بۆ کارەبا داناوە و سوودی لێ وەردەگرن.''
''پار 210 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە''
محەممەد شوکری تیشکی خستە سەر پێدانی مۆڵەتەکانی وەبەرهێنان لە ساڵی 2025 و گوتی: ''پار باشترین ساڵەکانی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بووە و 210 مۆڵەتمان داوە.''
وەک سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، مۆڵەتپێدان بە پڕۆژەکانی کەرتی پیشەسازی لە پلەی یەکەمدا دێت، دواتر بازرگانی، کشتوکاڵ و کەرتی گەشتیاری، ''کەمترین پڕۆژەی نیشتەجێبوونیش مۆڵەتیان وەرگرتووە''.
محەممەد شوکرێ ئەوەشی خستەڕوو، قەبارەی ئەو پڕۆژانەی پار مۆڵەتیان پێدراوە دەگاتە چوار ملیار دۆلار کە 21٪ـی تایبەتە بە کەرتی پێشەسازی.