هەناردەی نەوتی باشووری کوردستان بەڕێگای هێڵی کوردستان- جەیهان وەستا

رووداو- رۆیتەرز

تانەر یەڵدز، وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند:" هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆڕی نەوتی کوردستان- جەیهان راگیراوە".


تانەر یەڵدز، وەزیری وزەی تورکیا هۆکاری وەستاندنی هەناردەی نەوتی کوردستان بەرێگای هێڵی کوردستان- جەیهانەوە بەهۆی هێرشێکەوەبووە، کە کراوەتە سەر هێڵەکە". بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە  چۆنیەتی هێرشەکە نەکردووە.

هێڵی نەوتی کەرکووک جەیهان، ئێستا لە ناوخاکی عێراق بووەتە بۆڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە نەوتی کەرکوک و هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان دەکات. 

پێشتر هێڵی کەرکووک جەیهان بەو هێڵە دەگوترا کە لە کەرکوکەوەو لە ناوخاکی موسڵ دەگەیشتە سنووری تورکیا، بەڵام بەهۆی تێکدانەکان ئەو بەشە لە بۆڕییەکە بەتەواوەتی لەناوچووە.

رۆژی سێشەممە 28-7-2015، هێڵی هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ تورکیا لە پارێزگای ئاگری لە نزیک سنووری ئێران تەقێندرایەوە.

بەرپرسێکی ئێرانی رایگەیاندووە لە ماوەی سێ رۆژدا ئەو بۆڕییە نۆژەندەکرێتەوەو هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ تورکیا دەسپێدەکاتەوە.

یەدۆڵا بایبۆردی ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هەناردەکردنی گازی ئێران رایگەیاند کە:" لە ماوەی سێ رۆژدا نۆژەنکردنەووی بۆڕی هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ تورکیا تەواودەبێت".

تورکیا بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی ناوخۆی بە وزە، بەتەواوەتی پشتی بە هاوردەکردنی نەوت و گاز لە دەرەوەی ئەو وڵاتە بەستووە.

رۆژانە نزیکەی 600 هەزر بەرمیل نەوت لە رێی بۆڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگوازرێتەوە بۆ بەندەری جەیهان.

هەروەها تورکیا سەدا 25 ی خواستی خۆی بۆ گازی سرووشتی لە رێی بۆڕی هەناردەکردنی گازی سرووشتی ئێران بۆ تورکیا دابیندەکات.