وشکەساڵی و کەمیی ئالیک بەرهەمی شیر و پەنیری لە فەرەنسا کەمکردووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پەنیری (رێبلۆشۆن) یەکێک لە بەنێوبانگترین پەنیرەکانی فەرەنسایە و لە شیری ئەو مانگایانە بەرهەم دەهێندرێت کە لە بەرزاییەکانی ئاوت ساڤوا لە زنجیرە چیای ئاڵپ دەلەوەڕێن، بەڵام وشکەساڵی لەوەڕگەکانی ئاوت ساڤوای کەمکردووەتەوە و ئەوەش کاریگەریی کردووەتە سەر بەرهەمهێنانی پەنیرەکە.
 
تیۆ باگێتزی، شوان و بەرهەمهێنەری پەنیری فەرەنسی دەڵێت، هەر مانگایەکی رۆژانە چوار کیلۆ کەمتر شیر دەدەن، "شیری مانگاکان کەم بووەتەوە. هەروەها شیرەکە ئێستا بۆ دروستکردنی پەنیر کەمتر گونجاوە. ئەمەش واتە بەدەستهێنانی قازانجی کەمتر."
 
مانگی تەممووزی ئەمساڵ وشکترین و گەرمترین مانگ بووە لە فەرەنسا لە ساڵی 1961ەوە؛ جووتیاران هەر لە ئێستاوە روویان کردووەتەوە بەکارهێنانی ئەو ئالیکەی کە بۆ وەرزی زستان هەڵیانگرتبوو. بەهۆی وشکەساڵیشەوە بەرهەمهێنانی پەنیری رێبلۆشۆن 15% کەم بووەتەوە.
 
ژان لوک دۆکلۆس، سەرۆکی رێکخراوی بەرهەمهێنەرانی پەنیری نەریتی لە فەرەنسا دەڵێت، "بەرهەمی هەفتانەی شیری ئێمە 15% کەمیکردووە. هەفتەی رابردوو تەنیا چەند دڵۆپێک باران باری؛ نزیکەی 40 تاوەکو 50 سانتیمەتر. مەگەر پاییز بارانێکی باش ببارێت و فریامان بکەوێت."
 
هەر قاڵبێکی پەنیری رێبلۆشۆن 450 گرامە و چوار لیتر شیر پێویستە بۆ دروستکردنی.
 
لە فەرەنسا شەش ملیۆن کێڵگە تەرخانکراون بۆ بەرهەمهێنانی پەنیری رێبلۆشۆن و 130 کۆمپانیاش ساڵانە نزیکەی 17 هەزار تۆن پەنیری لەو جۆرە بەرهەم دەهێنن.