بێئاوی کێڵگە برنجەکانی هەریر و باتاسی کردووەتە لەوەڕگەی ئاژەڵان


رووداو دیجیتاڵ 

لە دەشتی هەریر و باتاس، کە بە بەپیتی و بەروبوومی برنج ناسراوە، وشکەساڵی زەبرێکی کوشندەی لە جووتیاران وەشاندووە. زەوییە برنجەکان سەوزاییان تێدا نەماوە و پێش وادەی دروێنە، بەهۆی بێئاوییەوە بەجێهێڵراون و بوونەتە لەوەڕگەی ئاژەڵان.
 
کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاو و وشکبوونی دەیان کارێز و کانیاو، جووتیارانی ناچارکردووە دەستبەرداری کێڵگەکانیان ببن. 
 
فەرسەت مستەفا، یەکێک لە جووتیارە زەرەرمەندەکان، باس لە رەنج بەخەساربوونی خۆی دەکات و دەڵێت: "بەلایەنی کەمەوە 12 تەنەکە چەڵتووکم چاندبوو، کە لێرە پێی دەڵێن 'پوشک'، بەڵام ئێستا نیو تەنەکەی لێ نەماوەتەوە. تەنیا لە دەوروبەری ئێمە نزیکەی 40 جووتیار دەستبەرداری زەوییەکانیان بوون... چونکە هەمووی وشک بوون."
 
دیمەنی ئاژەڵەکان لەناو کێڵگە برنجەکاندا چیرۆکی تراژیدیای جووتیارەکان دەگێڕێتەوە. خاوەنەکانیان، بەهۆی نەبوونی ئاوەوە، هیچیان بۆ نەکراوە جگە لەوەی رێگە بدەن ئاژەڵداران مەڕ و ماڵاتیان بۆ لەوەڕاندن بهێننە ناو کێڵگەکانەوە.
 
مەحمود ئیبراهیم، کە ئاژەڵدارە، دەڵێت: "خاوەن زەوییە برنجەکان خۆیان پێیان گوتین وەرن ئاژەڵەکانتان بەر بدەنە ناوی. هۆکارەکە بێئاوییە. وەک من، ئامۆزایەکیشم هەیە کە سێ-چوار پارچە زەوی برنجیان پێداوە و ئەویش ئاژەڵی بەرداوەتە ناوی."
 
ئێستا وەرزی گەشەکردن و پێگەیشتنی برنجە و لە هەر کاتێک زیاتر پێویستی بە ئاودانە، نزیکەی 30 کێڵگەی برنج لە سنوورەکە، کە رووبەرەکەیان بە 200 دۆنم مەزەندە دەکرێت، سەرچاوە ئاوییەکانیان بە تەواوی وشکیان کردووە.
 
کاریگەریی وشکەساڵی تەنها کەرتی برنجی نەگرتووەتەوە؛ زۆرێک لە زەوییە چێنراوەکانی گەنم و جۆ دروێنە نەکراون، هەروەها کاڵەک و بەرهەمە هاوینەکانی دیکەش لەبەر بێئاوی هەر زوو وشک بوون و لەناوچوون.
 
فەریق حەسەن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەریر، پشتڕاستی قەبارەی زیانەکان دەکاتەوە و رایگەیاند: "دەتوانین بڵێین بە رێژەی 30%ی گەنم و جۆ نەتوانراوە بدورێتەوە. سەبارەت بە برنجیش، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ئێمە، نزیکەی 30 جووتیار لە باتاس، کە مەڵبەندی سەرەکیی چاندنی برنجە، دەستبەرداری زەوییەکانیان بوون. هۆکاری سەرەکی، کەمیی ئاوی کانی و کارێزەکانە."
 
بەپێی ئامارەکان، لە کۆی 100 هەزار و 374 دۆنم زەوی لە دەشتی هەریر و باتاس، 450 دۆنمی بۆ چاندنی برنج تەرخان کرابوو. لە کاتێکدا بەرهەمی ساڵانەی برنج لەو ناوچەیە دەگەیشتە 600 تۆن، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەریر پێشبینی دەکات ئەم ساڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە بەرهەمەکە بۆ نزیکەی 400 تۆن کەم ببێتەوە.