بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی 0.25٪ کەمکردەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڵاویکردەوە، رێژەی سوودی بانکی لەنێوان 4٪ بۆ 4.25٪ەوە کردە 3.75٪ بۆ 4٪، واتا 0.25٪ سوودی بانکی کەمکردەوە. بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەشڵێت، هێشتا مەترسی لەسەر بازاڕی کاریان ماوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڵاویکردەوە، بە 10 دەنگی بەڵێ بەرامبەر دوو دەنگی نەخێر، رێژەی سوودی بانکییان لەنێوان 3.75٪ بۆ 4٪ دیاریکرد. 
 
کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا یەکانگیرە لەگەڵ ویستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە چەند جارێک داوای لە بەرپرسانی بانکی ناوەندی کردووە رێژەی سوودی بانکی کەمبکەنەوە. 
 
ئەم ساڵ ئەمە دووەم جارە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی کەم بکاتەوە. جاری یەکەم مانگی رابردوو بوو کە سوودی بانکی لە نێوان 4.25٪ بۆ 4.5٪ەوە کەمکردەوە بۆ 4٪ بۆ 4.25٪. 
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەشڵێت، "ئەگەر مەترسی دروست ببێت و پێویست بکات ئامادەین سیاسەتی نەختینە بگۆڕین و بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی لێکەوتەکانی ئامارە ئابوورییەکان". 
 
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هەوڵەکانمان بۆ کەمکردنەوەی رێژەی هەڵاوسان بۆ 2% بەردەوام دەبێت، بەڵام مەترسیی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە مەودای کورتخایەن زیادبووە". 
 
جیرۆم پاوڵ گوتیشی، داخرانی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر چالاکییە ئابورییەکان هەبووە و مەترسیی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری زیادبووە. ئاماژەی بەوەش کرد، دابەزینی هەڵاوسانی خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە.  هۆشداری بە ئیدارەی واشنتندا و گوتی، پێناسە گومرگییەکان کاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەشێک لە سێکتەرەکان هەبووە. 
 
دوای راگەیاندنی بڕیاری کەمکردنەوەی هەڵاوسان، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا لە نزیکەی 4,000 دۆلارەوە بۆ 3,960 دۆلار دابەزی.