سەرچاوەیەک بۆ رووداو: ئەگەری زۆرە ئەم هەفتەیە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش بکرێ

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەگەری زۆرە ئەم هەفتەیە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش بکرێ. 

رۆژی شەممە، 29-11-2025 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە سۆلین حەمەدەمین، ئێدیتۆر لە دێسکی کوردستانی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەری زۆرە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش بکرێ. 
 
هاوکات عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستانی گرێبەست، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە مووچەی مانگی 9ی 2025 مامۆستایانی گرێبەستی سەر بە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابەش دەکرێ.
 
کۆی گشتی ژمارەی مامۆستایانی گرێبەستی هەر دوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا  42 هەزار و 33 مامۆستایە کە 37 هەزار و 933یان سەر بە وەزارەتی پەروەردە و 4 هەزار و 100یشیان سەر بە خوێندنی باڵان.
 
خەرجەیی مانگانەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست نزیکەی 24 ملیار دینارە؛ ئەو مامۆستایانەی بڕوانامەى دیبلۆمیان هەیە مووچەکانیان 400 هەزار دینار و هەڵگرانی بڕوانامەى بەکالۆریۆسیش 500 هەزار دینارە.
 
ئەمە لەکاتێکدا، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی 9ی بڵاوکردەوە کە بڕیارە سبەی دابەشکردنی مووچە دەستپێبکات و سێ رۆژ دەخایەنێت.