نرخی زێڕ روو لە دابەزینە
رووداو دیجیتاڵ
ناجێگریی بەهای زێڕ لە بازاڕدا بەردەوامە و ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕەنگرانی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زێڕ ناجێگیرە، ئێستا (کاژێر 02:15 ـی نیوەڕۆ) مسقاڵێک عەیاری 21 بە ملیۆنێک و 97 هەزار دینارە".
ئێوارەی دوێنێ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک و 180 هەزار دینار بوو، شەوی رابردوو دابەزی بۆ 131 هەزار دینار.
دوێنێ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 5 هەزار و 500 دۆلار، بەڵام ئەمڕۆ دابەزی بۆ خوار 5 هەزار دۆلار و ئێستا بە 5 هەزار و 110 دۆلارە.
شارەزایانی بازاڕی زێڕ دەڵێن دابەزینی بەهای زێڕ "پەیوەندی بە هیچ رووداوێکی ئەمنی یان سیاسییەوە نییە، بەڵکو تەکنیکییە".
لەبارەی جۆرەکانی دیکەی زێڕەوە، عەبدوڵڵا ئەکرەم گوتی: "مسقاڵی زێڕی عەیار 22 ئێستا بە ملیۆنێک و 149 هەزار دینارە و عەیاری 18 بە 941 هەزار دینارە".