واشنتن سزای بەسەر 6 بەرپرس و وەبەرهێنەرێکی ئێرانیدا سەپاند

 
رووداو دیجیتاڵ

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای بەسەر شەش بەرپرسی باڵای ئێران و وەبەرهێنەرێکدا سەپاند، ئەوەش بەهۆی رۆڵیان لە "سەرکوتکردنی تووندوتیژانەی خۆپێشاندانەکان و بەهەدەردانی سامانی گشتی."
 
رۆژی هەینی 30-01-2026 تۆماس پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن سزا دەخاتە سەر ئەو کەسانەی بەرپرسن لە سەرکوتکردنی "دڕندانەی" گەلی ئێران. 
 
پیگۆت گوتی: "لە کاتێکدا گەلی ئێران دژی 47 ساڵ لە خراپ بەڕێوەبردنی کارەساتباری ئابووری خۆپێشاندان دەکەن، رژێم لەبری دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتیان، بەردەوامە لە دابینکردنی بودجە بۆ میلیشیا تیرۆریستییەکان لە دەرەوە و پەرەپێدانی بەرنامە فراوانەکانی چەک."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەمریکا شەش بەرپرسی ئێرانی سزاداوە کە "سەرپەرشتی ئەو هێزە ئەمنییانە دەکەن بەرپرسن لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران؛" هەروەها وەبەرهێنەرێکی ئێرانیش خراوەتە لیستی سزاکانەوە کە تۆمەتبارە بە "دزینی ملیارەها دۆلار لە سامانی گەلی ئێران." 
 
پیگۆت گوتی، هاووڵاتیانی ئێران بەدەست بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، ژێرخانی وێرانبوو و کەمیی ئاو و کارەباوە دەناڵێنن، چونکە دەسەڵات "سامانەکەیان لە چالاکییە شەڕەنگێزییەکانیدا بەفیڕۆ دەدات."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی یاداشتی سەرۆکایەتی بۆ ئاسایشی نیشتمانی (ژمارە 2) کە فەرمان دەدات بە سەپاندنی "زۆرترین گوشار" بەسەر ئێراندا بۆ بێبەشکردنی لەو داهاتانەی کە بۆ "چالاکییە تێکدەرەکانی" بەکاریان دەهێنێت.
 
ئەم سزایانە لە چوارچێوەی سێ فەرمانی جێبەجێکردندا دەرکراون:
 
فەرمانی (13553) تایبەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ.
 
فەرمانی (13224) تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
 
فەرمانی (13902) کە کەرتەکانی دارایی، نەوت و پترۆکیمیایی ئێران دەکاتە ئامانج.
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتی، ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە گەلی ئێران دەکات لە خۆپێشاندانەکانیان دژی "رژێمی گەندەڵ و سەرکوتکەر لە تاران."