نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی؛ هۆکار چییە؟

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکاندا پاشەکشەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد. شارەزایەک دەڵێت، بازاڕی فۆرێکس رووبەڕووی "داڕمانێکی گەورە" بووەتەوە.
 
بەپێی نوێترین داتای بۆرسەی جیهانی، لە کاژێر 10:20 خولەکی ئەمشەودا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە 4843 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، لە کاتێکدا کاژێر 09:30 خولەک نرخەکەی 4720 دۆلار بوو.
 
تاوەکو کاژێر 10:40، نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک و 84 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا.
 
حاجی سەعد جەلال، شارەزای بازاڕی زێڕ بە رووداوی راگەیاند، "ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت جۆرێکە لە داڕمانی نرخ لە بازاڕی فۆرێکس، ئەمەش وایکردووە بازاڕەکە بەم جۆرە دابەزێت."
 
حاجی سەعد هۆشداری دەداتە بازرگانانی ناوخۆ و جیهانی کە لەم دۆخەدا "زۆر بە وریاییەوە" مامەڵە بکەن و گوتی، "پێویستە بازرگانان ئاگاداری خۆیان بن و لە توانای خۆیان زیاتر مامەڵە نەکەن، چونکە بازاڕەکە ناجێگیرە. داواکارم کەس لە توانای خۆی زیاتر نەچێتە نێو کڕین و فرۆشتنی زێڕەوە، تاوەکو دۆخەکە روون دەبێتەوە."
 
بەپێی شیکردنەوەی ئەو شارەزایە، ئەم دابەزینە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووە و دەڵێت، "ئەگەر نرخ بۆ ماوەی 9 هەفتە بە بەردەوامی بەرز ببێتەوە، دەبێت دابەزینێکی گەورە رووبدات بۆ هاوسەنگکردنەوەی بازاڕ."
 
پێشبینیشی کرد، "ئەم دۆخە چەند رۆژێک بخایەنێت تاوەکو جارێکی دیکە بازاڕەکە ئارامی بەخۆوە دەبینێتەوە."