نرخی زیو گەیشتەوە 70 دۆلار

 

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زیو 1.17٪ ( 80 سەنت) بەرزبووەوە و بە زیاتر لە 70 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بازاڕەکان بەهۆی شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە ناجێگیرن، کە پێی ناوەتە پێنجەم هەفتەی خۆی و هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ کۆتاییهاتنی نییە.
 
ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا زیاتر بوون، دوای ئەوەی حوسییەکانی یەمەن چوونە نێو ململانێکەوە و لە کۆتایی هەفتەدا ئیسرائیلیان کردە ئامانج. 
 
هەروەها ئەو گرووپە توانای هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و ژێرخانی وزەی سعودیەی هەیە. 
 
هاوکات، راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سوپای ئەمریکا دوای گەیشتنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە، هەڵسەنگاندن بۆ هێرشت زەوینی دەکات.
 
نرخی زیو لەم مانگەدا تاوەکو ئێستا نزیکەی 30%، یاخود 25 دۆلاردابەزیوە، هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، زیادبوونی نیگەرانییەکان لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و پێشبینییەکان بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لەلایەن بانکە ناوەندییە گەورەکانەوە دەگەڕێتەوە.
 
بازاڕەکان ئێستا پێشبینی دەکەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوود بەرزبکاتەوە، ئەمەش پێچەوانەی پێشبینییەکانی پێشووە کە چاوەڕێی کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەکرا.