خراپترین سیناریۆ روودەدات؟ نرخی بەنزینی فڕۆکە گەیشتووەتەوە 222 دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێستا جیهان بە ترس و دڵەڕاوکێوە بەناو "دووەم خراپترین" دێوەزمەی وزەدا تێدەپەڕێت. مانگێک دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گەرووی هورمز کە شادەرماری سەرەکیی ئابووریی جیهانە، بە نزیکەیی داخراوە و هاتووچۆی تێدا زۆر کەم بووەتەوە. لە کاتێکدا واشنتن بانگەشەی سەرکەوتنێکی تاکتیکی دەکات، تاران دابینکردنی نەوتی جیهانی بە بارمتە گرتووە.
 
ئێستا کە باس لە هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران دەکرێت، خراپترین سیناریۆ خەریکە روودەدات. پرسیارەکە ئەوەیە، کاردانەوە ئێران چی دەبێت؟
 
ئێران رەنگە وەکو وەڵامدانەوە روو بکاتە هێرشێکی بەرفراوانی درۆنی بۆ سەر هەر پاڵاوگە و بۆرییەکی نەوت لە کەنداودا. ئێمە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناخە، بەڵام بازاڕە فیزیکییەکان، (بازاڕی کاڵا راستەقینەکان)، ئێستا لەژێر گوشارێکی زۆردا هاواریان لێهەستاوە.
 
پشێویی نێو بازاڕی وزە
 
لە کاتێکدا بۆرسەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی سەیروسەمەرە بە گەشبینی ماونەتەوە، بەڵام راستی و بارودۆخی سەر زەوی زۆر ترسناکە. بازاڕی سەر کاخەز (بۆرسە) تووشی وەهم بووە؛ ئازاڕی راستەقینە لە بەنزینخانەکاندا خۆی نواندووە.
 
قەیرانەکە بە فەرمی گەیشتووەتە خاڵێکی وەرچەرخان، کە تێیدا نرخی فیزیکیی بەرهەمە نەوتییەکان لە نرخی گرێبەستەکانی داهاتوودا دوور کەوتووەتەوە و کەلێنێکی زۆری تێدا دروستبووە.
 
تەماشای ئەم ژمارانە بکەن بزانن نرخی هەندێک بەرهەمی نەوتی تاوەکو چ ئاستێک بەرزبووەتەوە:
 
نرخی سووتەمەنیی فڕۆکە لە سینگاپوور بۆ 222.77 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەتەوە، کە زیاتر لە دوو ئەوەندەی نرخی پێش جەنگە. لە کاتێکدا نرخی گازوایل گەیشتووەتە 182.76دۆلار، کە نزیکەی 100% بەرزترە لە نرخی بازاڕ لە چەند هەفتەی رابردوودا.
 
بۆچی دۆخەکە پەرەدەسێنێت؟
 
کەلێنە 12 ملیۆن بەرمیلییەکە: لە کۆی ئەو 19 ملیۆن بەرمیلەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن، تەنها چەند کەشتییەکی کەم هاتووچۆ دەکەن، ئەمەش کورتهێنانێکی گەورەی جیهانیی دروستکردووە.
 
بەرەی پێشەوەی ئاسیا: ئاسیا 80%ی ئەم نەوتە وەردەگرێت. کاتێک ئەوان بەدوای دابینکردنی نەوتدا دەگەڕێن، بارە نەوتەکان لە زەریای ئەتڵەسییەوە وەردەگرن و رێگەیەکی دوور و درێژ و تێچوویەکی زۆری هەیە.
 
شکستی ستراتیژی: یەدەگە ستراتیژییەکان ناتوانن قەرەبووی لەدەستدانی 10%ی دابینکردنی جیهانی بکەنەوە ئەگەر ئەم گەمارۆیە درێژخایەن بێت.
 
ئەگەر ململانێکان بۆ دەریای سوور یان بابولمەندەب پەرەبسێنن، سیناریۆی ئێستای دەکرێت ببێتە خراپترین سیناریۆ ئەو کاتەی کە شەڕی ئێران بە تەواوەتی جگە لە کەنداو دەیاری سوور و بابولمەندەبیش دەگرێتەوە.