ژاپۆن چوار بانکی سووریایی لە لیستی سزاکانی لابرد

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی ژاپۆن بڵاویکردەوە، وڵاتەکەیان بەشێکی سزاکانی سەر سووریای هەڵگرت. دەشڵێت، بەهۆی هەڵگرتنی ئەو سزایانەوە چوار بانکی سووری لە لیستی سزاکانیان دەرهێنران و پارە بلۆککراوەکانیشیان ئازاد دەکرێن. 
 
رۆژی هەینی، 30ی ئایاری 2025، هەیاشی یۆشیماسا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "حکومەت پاڵپشتیی هەوڵەکانی سووریا دەکات و یارمەتی باشترکردنی ژیانی خەڵکەکەی دەدات کە ساڵانێکە لە قەیراندان". 
 
ئەو گوتەبێژە دەڵێت، وەکو قۆناخی یەکەم؛ حکومەتی وڵاتەکەیان بەشێکی سزاکانی سەر سووریای هەڵگرت. بەو هۆیەوە چوار بانکی سووری لە لیستی سزاکانیان دەردەهێنرێن و پارە بلۆککراوەکانیشیان ئازاد دەکرێن. 
 
لابردنی بەشێکی سزاکانی سەر دیمەشق لەلایەن تۆکیۆوە دوای ئەوە هات کە لە نێوەڕاستی ئەم مانگەوە واشنتن هەنگاو بە هەنگاو ژمارەیەک سزای سەر دیمەشقی لابردووە. 
 
ساڵی 2011، هاووڵاتییانی سووریا بۆ ژمارەیەک داواکاری دەستیان بە خۆپێشاندان کرد. دواتر، خۆپێشاندانەکان تووندوتیژیان لێکەوتەوە و شەڕی نێوخۆش دروست بوو. لەو کاتەدا، رژێمی ئەسەد تۆمەتبارکرا بە کوشتن و کیمیابارانکردنی هاووڵاتییانی و بەو هۆیانەشەوە ژمارەیەک وڵات، لەوانە وڵاتانی رۆژئاوا و ئاسیا، سزایان بەسەر حکومەتی وڵاتەکەدا سەپاند. 
 
هەڵگرتنی سزاکان هاوکارییەکی زۆر باشی حکومەت و دانیشتووانی سووریا دەکات، لە وڵاتێک کە بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 24.5 ملیۆن دانیشتووی وڵاتەکە، 16 ملیۆنیان پێویستیان بە هاوکارییە. 
 
کانوونی یەکەمی رابردوو، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو کاتی سووریا حکومەتی ئەسەدیان رووخاد. دواتر، حکومەتێکی کاتییان لەو وڵاتە پێکهێنا. حکومەتی نوێی دیمەشق چەندین جار بەڵێنی باشترکردنی دۆخی وڵاتەکەیان، هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتان و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر دراوسێکانیان بەتایبەت ئیسرائیل داوە.