بەهای دینار بەرزبووەوە؛ 100 دۆلار بە 151 هەزار و 750 دینارە

رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە دوێنێ شەممە، ئەمڕۆ بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 151 هەزار و 750 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت؛ هەروەها 100 دۆلار بەرامبەر 4 ملیۆن و 925 هەزار تمەنی ئێرانییە.
 
رۆژی یەکشەممە 30ـی تەمموزی 2023 کاژێر 10:00ـی بەیانی، رەوەز میرزا، خاوەنی کۆمپانیای میرزا بۆ ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 151 هەزار و 750 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێریش 100 دۆلار 151 هەزار و 750 دینارە.
 
دوێنێ شەممە لەکاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 153 هەزار دینار مامەڵەی پێوە کرا؛ رۆژی پێنجشەممەش 100 دۆلار 154 هەزار دینار بوو.
 
لەبارەی بەهای تمەنی ئێرانییەوە، رەوەز میرزا گوتی، 100 دۆلار بەرامبەر 4 ملیۆن و 925 هەزار تمەنە.
 
ماوەی زیاتر لە 10 رۆژە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار رووی لە دابەزین کردووە و چوارشەممەی رابردوو 26ـی تەممووز، بەهای 100 دۆلار گەیشتە 158 هەزار دینار. 
 
هۆکاری دابەزینی بەهای دینار دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێکی ئەمریکا کە 19ـی ئەم مانگە مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقی قەدەخە کرد و بەوە تۆمەتباری کردن؛ دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە کە سزای ئەمریکایان لەسەرە.