یەک ئۆنسە زێڕ بە 3329 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دابەزینی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و دابەزینی بەهای دۆلار، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕی بەرزکردەوە.
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 0.1% بەرزبووەوە و گەیشتە 3329 دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ئەمڕۆ سنووردار بووە، لەبەر ئەوەی بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵەکانیان دەکەن و چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن.
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئواندا، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "چانسێک هەیە، رەنگە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەرەو خاوکردنەوەی سیاسەتی نەختی بڕوات. ئەوەش رەنگدانەوەی لە دابەزینی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینە داناوە."
پێنوێنی دۆلار کە نرخی دۆلار بەرامبەر بە 6 دراوی سەرەکی دەردەخات، رۆژی چوارشەممە دابەزیوە و دوورکەوتووەتەوە لە بەرزترین ئاستەکانی مانگی رابردووی خۆی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا کردووە سوودی بانکی دابەزێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بانکەکە کۆڵی نەداوە و بەوە رازی نەبووە.
شرۆڤەکارەکەی کۆمپانیای (ئواندا) دەڵێت، ئەگەر تاوەکو ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە نرخی زێڕ بتوانێت بەرز ببێتەوە بۆ 3350 دۆلار، ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری هەیە، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی کۆتایی هەفتە ئامارەکانی هەڵاوسان بڵاودەبنەوە و رەنگە بە قازانجی زێڕ بشکێتەوە.