نەوت و داهاتی رادەستکراو بەربەستی بەردەم مووچەی مووچەخۆرانن


رووداو دیجیتاڵ

داهاتی نانەوتیی مانگی تەممووز و بڕی نەوتی رادەستکراو، کرۆکی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدان کە ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانى دواخستووە. پێشنیازێک دراوەتە کۆمپانیاکان لەبارەی وردەکاریی بەرهەمهێنانى 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ نێوخۆ و شێوازی خەرجکردنی شایستە داراییەکان.
 
دوو رۆژ ماوە هەرێمی کوردستان مانگی تەممووز تێپەڕێنێت، بێ ئەوەی مووچەی مانگی حوزەیرانی بۆ بنێردرێ. داهاتی نانەوتی و پرسی نەوتی رادەستکراو جیاوازی لە بۆچوونی نێوان هەردوولادا دروست کردووە و بووەتە بەربەست لەبەردەم ناردنی پشکی مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا بە رووداوی گوت: "وەزارەتی دارایی فیدراڵ چاوەڕێی ئاماژەی سەوزی حکومەتە بۆ گرتنەبەری رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران کە پەیوەست کراوە بە رادەستکردنی نەوتەوە."
 
ئەو نەوتەی لە لێکتێگەیشتنە پەسەندکراوەکەی 17ـى تەممووزی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا هاتووە ئەوەیە کە دەبێت رۆژانە هەرێمی کوردستان رادەستی بکات و بڕەکەى 280 هەزار بەرمیلە، کە 50 هەزار بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، هەرێمی کوردستان ئێستا توانای بەرهەمهێنانی ئەو بڕە نەوتەی نییە کە لە لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە. هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگەکان و راوەستانی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئاداری 2023ەوە وای کردووە بەرهەمهێنان کەم ببێتەوە.
 
بڕیارە شاندێکی تەکنیکی لە بەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەکان و چۆنیەتیی رادەستکردنی نەوت، لەگەڵ ئەو زیانەی بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بەریان کەوتووە.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەو شاندە تەکنیکییەی عێراق پێشتر هاتە هەرێمی کوردستان و سەردانی چەند کێڵگەیەکی نەوتیان کرد. ئەمجارە سەردانی ئەو کێڵگانە دەکات کە پێشتر سەردانی نەکردوون."
 
بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکەى نێوان بەغدا و هەولێر، پێویستە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانی نێوخۆ بێت.
 
بەرپرسی یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت بە رووداوی گوت: "رۆژی 29ـى تەممووز پێشنیازێکمان بەدەست گەیشتووە لەبارەی چۆنیەتیی بەرهەمهێنان و ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە و شایستە داراییەکەی بۆ کۆمپانیاکان کە لەسەر بنەمای رێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و هەولێر دەبێت کە 16 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، یەکێک لە تێبینیی کۆمپانیاکان لەبارەی ئەو پێشنیازە بڕی پارەی دیاریکراوی شایستە داراییەکانیانە کە 16 دۆلارە. بۆ قۆناخی دوای ئەو دوو مانگەی کە بە کاتی دیاری کراوە، ئەوان دەیانەوێت ئەو پارەیە لەسەر بنەمای گرێبەستەکانیان وەربگرن و پەیوەست بکرێ بە نرخی نەوت و رێژەى پشکەکانیان لەو کێڵگانە، نەوەک بڕێکی دیاریکراو.
 
سەرچاوەکەی رووداو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران بەستراوەتەوە بە رادەستکردنی نەوتەوە، بەڵام ئەگەری هەیە بەغدا چاوپۆشی لەو بڕە نەوتە بکات کە رادەست دەکرێت، بەو پێیەی بەرهەمهێنانی ئێستا ناگاتە 280 هەزار بەرمیل و بڕیارە بە قۆناخ بگاتە ئەو ئاستە."
 
داهاتی رادەستکراو "زۆرە"
 
یەکێک لەو پرسانەی جێگەی ناکۆکییە لەنێوان بەغدا و هەولێر، بڕی ئەو داهاتەیە هەرێمی کوردستان رادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکات.
 
بۆ مانگی ئایار، هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دیناری رادەست کرد. بۆ مانگی حوزەیرانیش، بەغدا داوای هەمان بڕی کردووە.
 
سەرچاوەکەی رووداو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "بۆ 120 ملیار دیناری داهاتی ردەستکراوی حوزەیران، هەرچۆنێک بێت دابین دەکرێت، بەڵام تێبینیی حکومەت لەسەر ئەوەیە کە بۆ مانگی تەممووز ناتوانێ ئەو بڕە لە داهات رادەست بکات."
 
دیاریکردنی بڕی داهاتی رادەستکراوی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەممووز و مانگەکانی دواتر دراوەتە دەست تیمی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی هەردوولا، بەو پێیەی هەڵسەنگاندنی تیمە هاوبەشەکە گۆڕانکاری بەسەر بڕەکەیدا دێنێت.
 
ئەو رژدبوونەی بەغدا لەسەر رادەستکردنی ئەو بڕە لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای رپۆرتێکە لە 12ـى ئاداری 2025 دراوەتە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی داهاتی نەوتی و نانەوتیی هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە کە وێنەیەکی دەست رووداو کەوتووە، لەسەر بنەمای داهاتی ساڵی 2024ـی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە کە تێیدا تێکڕای داهاتی نانەوتیی پار، چوار تریلیۆن و 702 ملیار و 294 ملیۆن و 123 هەزار دینار بووە کە بە دابەشکردنی بەسەر 12 مانگی ساڵدا، مانگانە 391.8 ملیار دینار دەکات.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "کێشەکە ئەوەیە ئەو بڕە داهاتەی هەژمار کراوە، هەمووی بە کاش بۆ حکومەت نەگەڕاوەتەوە. بەشێک لەو داهاتە وەک پارەی کارەبا لەلایەن هاووڵاتییانەوە نەدراوە، بۆیە ئەستەمە هەمان ئەو بڕە پارەیەى خەمڵێندراوە رادەست بکرێت."