گۆڵف كێستۆن لە بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان بەردەوامە



رووداو-Iraq Business News

كۆمپانیای گۆڵف كێستۆن رایگەیاند، كە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت لە كێڵگەی شێخانی كۆمپانیاكە بەردەوامەو رەوشی ئەو ناوچەیە ئێستا ئارامە و كۆمپانیاكە درێژەدەدات بە گەیشتن بە ئامانجەكانی بەرهەمهێنانی نەوت.

گۆڵف كێستۆن رایگەیاندووە بەهۆی بەستنەوەی بیرێكی نوێوە بە دامەزراوەكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی شێخان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی كۆمپانیاكە لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ لە رۆژانە 10 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە بۆ رۆژانە 20 هەزار بەرمیل.

هەروەها ئاستی هەناردەكردنی نەوتی ئەو كۆمپانیایە كە بە كامیۆن هەناردەی توركیا دەكرێت، لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە 2.2 ملیۆن بەرمیل، ئەوە لە كاتێكدایە لە هەمان ماوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو كۆمپانیایە لە كێڵگەی شێخان بەرزبووەتەوە بۆ 5.5 ملیۆن بەرمیل.

گۆڵف كێستۆن هەروەها رایگەیاندووە، كە بەو دەستحەقەی كۆمپانیاكە لە بەرهەمهێنانی نەوت وەریگرتووە درێژەدەدات بە كارەكانی لە هەرێمی كوردستان.

گۆڵف كێستۆن، یەكێك لە كۆمپانیا سەركارەكانی نەوتە لە هەرێمی كوردستان  و بەنیازە ئاستی هەناردەكردنی نەوت لە كۆتایی ئەمساڵدا بەرزبكاتەوە بۆ رۆژانە 40 هەزار بەرمیل.