واڵمارت بەنیازی کڕینی تیکتۆکە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی زنجیرە سوپەر مارکێتەکانی واڵمارت لە ئەمریکا رایگەیاند، نیازی کڕینی ئەپلیکەیشنی تیکتۆکی هەیە، شارەزایان پێشبینی دەکەن ئەگەر واڵمارت تیکتۆک بکڕێت، بەخێرایی دەبێتە کۆمپانیایەکی فرۆشی ئۆنلاین وەک ئەمازۆن، گووگڵ و فەیسبووک.
سکۆت سمیگلەر، سەرۆکی کۆمپانیای بازرگانی ئۆنلاینی (ئیکسکلوزیڤ کۆنسێپت) رایگەیاند، کڕینی ئەپلیکەیشنی تیکتۆک لەلایەن واڵمارتەوە رەوشی دارایی کۆمپانیاکە بەخێرایی دەگۆڕێت و قازانجێکی زۆر بۆ زنجیرە سوپەر مارکێتەکانی دەستدەخات.
زنجیرە سوپەر مارکێتەکانی واڵمارت رایگەیاند، بەنیازە بچێتە نێو مامەڵەی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و کۆمپانیای بایت دانس، کە خاوەندارێتی ئەپلیکەیشنی تیکتۆک دەکات.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، تۆڕە کۆمەڵایەتییە چینییەکان بە سیخوڕیکردن بۆ حکومەتی چین تۆمەتبار کردووە.
مایکرۆسۆفت ماوەی چەند مانگێکە سەرقاڵی دانوستاندنە لەگەڵ کۆمپانیای بایت دانس بۆ ئەوی ئەپلیکەیشنی تیکتۆکی لێبکڕێت.
سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆمپانیای بایت دانس رایگەیاندووە کۆمپانیاکە بەنیازە تاوەکو 15ی مانگی داهاتوو رێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای مایکرۆسۆفت واژۆبکات.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو تاوەکو 15ی ئەیلوول ئەگەر کۆمپانیایەکی ئەمریکی ئەپلیکەیشنی تیکتۆک نەکڕێت، ئەوا تیکتۆک لە ئەمریکا دادەخات.
شارەزایان پێیانوایە واڵمارت دەتوانێت لەرێگەی تیکتۆکەوە بەخێرایی بگاتە لای بەرکاهێنەران و دەتوانێت لەو پلاتفرۆمە قازانجی ئابووری زۆر بکات.
کۆمپانیای واڵمارت رایگەیاندووە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی بەکاربەرانی تیکتۆک لە ئەمریکا دەبێت و هەوڵدەدات پێداویستی و پێویستییە رۆژانەکانیان دابین بکات. واڵمارت هەروەها رایگەیاندووە بە تەواوەتی پابەند دەبێت بە رێنوێنی و یاساکانی حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا تایبەت بە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان و تایبەت بە پاراستنی زانیاریی تاکەکەسی.
سکۆت سمیگلەر دەڵێت: "بۆ واڵمارت زۆر گرینگە ئامرازێکی دەستکەوێت بۆ ئەوەی بتوانێت رکابەری کۆمپانیای ئەمازۆن بکات و تیکتۆک ئەو ئامارازەیە کە یارمەتی واڵمارت دەدات".
هەفتەی رابردوو کۆمپانیای واڵمارت ئاماری فرۆشی ئۆنلاینی کۆمپانیاکەی بڵاوکردەوە، کە لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی تەندروستی کۆرۆنا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و بەرێژەی سەدا 74 گەشەی کردووە.
واڵمارت لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ فرۆشی گەیشتووەتە 137 ملیار دۆلار، کە نزیکەی 7 ملیار دۆلاری قازانجی پوختە بووە.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای ئەمازۆن لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بەتەنیا 4.2 ملیار دۆلاری لە رێگەی رێکلامکردن بۆ کۆمپانیاکانی دیکە قازانج کردووە.
واڵمارت پێشتر هەوڵی هاوشێوەی داوە چەند کۆمپانیایەکی بچووکی تەکنەلۆجیای کڕیوە بۆ ئەوەی لە بواری فرۆشی ئۆنلاین چالاکتر بێت.
ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک لەلایەن کۆمپانیای بایتدانسی چینی لە ساڵی 2016دا داهێنراوە و لەسەر ئاستی جیهان 800 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە و لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینکردنی خەڵکی، ژمارەی بەکارهێنەرانی زیاتر بوون. ئەپڵیکەیشنەکە لەسەر هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و iOS کاردەکات و بە 40 زمانی جیهان بەردەستە.