زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی چوار مانگی رابردوو؛ مسقاڵێک عەیار 21 بووە 688 هەزار دینار
رووداو دیجیتاڵ
بەهای زێڕ لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و ئەمڕۆ مسقاڵێکی عەیار 21 بە 688 هەزار دینارە.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر ئەمڕۆ شەممە 30ی ئاب بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک عەیار 22 بە 720 هەزار دینارە."
هەروەها مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 588 هەزار دینارە. عەبدوڵڵا ئەکرەم دەڵێت، "هەر مسقاڵێک 10 بۆ 15 هەزار دینار کەمتر لە نرخی دیاریکراو لەلایەن زێڕنگەرانەوە دەکڕدرێتەوە."
ئەو نرخە بەرزترین نرخی زێڕە لە چوار مانگی رابردوودا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێت.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکانی جیهاندا 1% بەرزبووەوە و بە 3448 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەهای دۆلار لەم مانگەدا بە رێژەی 2.2% دابەزیوە، ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ لەم مانگەدا.
دەیڤید میگەر، سەرۆکی بەشی کانزاکان سەر بە کۆمپانیای (های ریج فیوچەرز) لەو بارەیەوە دەڵێت، "چاوەڕوان دەکرێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەم ساڵدا لانیکەم دووجار سوودی بانکی دابەزێنێت، ئەوەش هۆکاری پشت بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە."
لە لایەکی دیکەوە ناکۆکیی نێوان ترەمپ لەگەڵ بانکی ناوەندیی ئەمریکا پرسیاری لەسەر سەربەخۆیی بانکەکە دروستکردووە، کە بووەتە هۆکار بۆ پاڵپشتیی زیاتری نرخی زێڕ.