زێڕ بۆ نزیکەی 3900 دۆلار دابەزی


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کۆبوونەوەی لووتکەی سەرۆکانی ئەمریکا و چین و، قسەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، زێڕ نزیکەی 50 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزی.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ کەمێک بەرزبووەوە و بە 3952 دۆلارە. پێشتر بەرەبەیانیی ئەمڕۆ زێر ئاستی 3920 دۆلاریشی تۆمارکردبوو. 
 
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، نرخە فەرمییەکان بەم شێوەیەن:
 
- مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 690 هەزار دینارە
 
- مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 805 هەزار دینارە
 
- مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 843 هەزار دینارە
 
ئەمە نرخی نیوەڕۆی دوێنێیە، ئەوکاتە ئۆنسەیەک زێڕ بە 4022 دۆلار بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەگەر ئۆنسە لەو ئاستەی ئێستایدا بمێنێتەوە، دەکرێت نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ زیاتر لە 10 هەزار دینار دابەزێت.
 
دابەزینی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات کە دوێنێ شەو بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی 0.25٪ کەمکردەوە. ئێستا رێژەکە 3.75٪ بۆ 4٪ـە.
 
ئەمە دووەم جارە ئەمریکا 0.25٪ رێژەی سوود کەمدەکاتەوە.
 
پێش بڕیارەکە و قسەکانی پاوڵ، ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4 هەزار دۆلار بوو. 
 
لە کاتی ئاساییدا، کەمکردنەوەی رێژەی سوود نرخی زێڕ بەرزدەکاتەوە و دۆلار دادەبەزێنێت، بەڵام لێدوانەکانی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی زێڕن.
 
پاوڵ رایگەیاند، لەبارەی کەمکردنەوەی رێژەی سوود یان هێشتنەوەی وەک خۆی بۆ مانگی 12، بۆچوونی زۆر جیاواز لەنێوان ئەندامانی لیژنەی سیاسەتی نەختینەیی بانکەکەیان هەبوو.
 
گوتیشی، هیچ بڕیارێکی پێشوەختە نەدراوە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە کۆبوونەوەی مانگی 12.
 
پیتەر گرانت، شرۆڤەکاری بازاڕەکان لە دامەزراوەی 'زانێر مێتاڵس' دەڵێت، "زێڕ کاردانەوەیەکی لۆژیکی بەرامبەر قسەکانی پاوڵ هەبوو کاتێک کەمکردنەوەی رێژەی سوودی لە مانگی 12 پشتڕاست نەکردەوە. ئەمە بۆ زێڕ ئەرێنی و بۆ دۆلار نەرێنییە".
 
ئەگەری رێککەوتنی ئەمریکا و چین لەبارەی کێشە بازرگانییەکانیان، هۆکارێکی دیکەی سەرەکییە بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
 
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە کۆریای باشوور کۆبوونەوە.
 
پێش کۆبوونەوەکە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، "گومانم لەوەدا نییە کۆبوونەوەیەکی باشمان دەبێت، ئەو [شی جین پینگ] گفتوگۆکارێکی زۆر باشە و دەکرێت رێککەوتن بکەین. ئێمە باش لە یەکدی تێدەگەین".