نرخی زێڕ لە بەرزترین ئاستی 7 مانگیدا مامەڵەی پێوەدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان، زێڕ توانی پارێزگاری لە بەرزبوونەوەکانی بکات و هەر ئۆنسەیەکی لە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-11-2023 هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 2044 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەو نرخە بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەر بەراوردی بکەیت بە نرخی مسقاڵ، هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 455 هەزار دەبێت.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای ئەوە دێت کە بازرگانان پێشبینی دەکەن، پرۆسەی بەرزبوونەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە کۆتایی پێهاتووە و چیدیکە بانکەکە سوودی بانکی بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان بەرزناکاتەوە.
ئەمڕۆ ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان لە ئەمریکا بڵاودەکرێنەوە و بەپێی پێشبینییەکان کاریگەری بەرچاو لەسەر بازاڕی زێڕ دادەنێت.
دابەزینی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا دەبێتە یارمەتیدەر بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، بەپێچەوانە ئەگەر هاتوو رێژەی هەڵاوسان کەمتر لە پێشبینییەکان دابەزی بێت، ئەوا ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ لە ئارادایە.
بازرگانانی زێڕ هەروەها چاویان لە وتاری جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کە بڕیارە رۆژی هەینی لەسەر رەوشی ئابووریی ئەمریکا قسەبکات.
نرخی نەوت دابەزی
لەلایەکی دیکەوە بەهۆی سستبوونەوەی کەرتی پیشەسازیی چین، ئەمڕۆ کە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی بەرهەمهێنەرانی نەوتیی ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، دابەزی. هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەگەری کەمبوونەوەی خواست بۆ ئەو بەرهەمە ستراتیژییە دەگەڕێتەوە و بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی ئامارە ئابوورییەکانی چین.
نرخی نەوتی برێنت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 28 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 82 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 24 سەنت دابەزی و بە 77 دۆلار و 68 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئامارە ئابوورییەکانی چین ئاماژە بەوە دەدەن کە چالاکیی کارگەکانی چین لە مانگی 11 دا خێراتر لەوەی کە پێشبینیکراوە سستبووەتەوە.
ئابووریناسان پێیانوایە هاندانی زیاتری حکومەتی چین پێویستە بۆ بووژانەوەی کەرتی پیشەسازیی ئەو وڵاتە.
پێنوێنی PMI کە تایبەتە بە قەبارەی کڕین لەلایەن پیشەسازییەکانەوە لە مانگی 11 دا لە چین دابەزیوە بۆ 49.4 و بەوپێیەش هێمای سستبوونەوەی کەرتی پیشەسازی ئەو وڵاتەیە.
چین گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاوە لە جیهان و سستبوونەوەی کەرتی پیشەسازی ئەو وڵاتە خواست بۆ نەوت لە بازاڕدا کەمدەکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەندامانی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمهێنەرانی نەوت بڕیاری کەمکردنەوەی قەبارەی خستنەڕووی نەوت درێژبکەنەوە بۆ ساڵی داهاتوو.