زیو دوێنێ 12 دۆلار دابەزی و ئەمڕۆ 1.5 دۆلار بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای دابەزینە زۆرەکەی دوێنێ، ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زیو لە بازاڕەکانی جیهاندا نزیکەی 2%، یاخود 1.5 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 74.50 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. کیلۆیەکیشی بە 2,395 دۆلارە.
 
دوێنێ دووشەممە، نرخی ئۆنسەیەک لە نزیکەی 83 دۆلارەوە بۆ خوار 71 دۆلار دابەزیبوو.
 
شەپۆلێکی تووندی فرۆشتنی زیو، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخەکەی بوو. ئەمەش دوای ئەوە هات کە بۆرسەی شیکاگۆ مەرجەکانی نزمترین ئاستی سەرمایەی بۆ مامەڵەکانی ئایندەی زیو بەرزکردەوە لە 22 هەزار دۆلارەوە بۆ 25 هەزار دۆلار.
 
بڕیارەکەی بۆرسەکە دوێنێ دەرکرا و راستەوخۆ چووە بواری جێبەجێکردنەوە. راشیگەیاند بڕیارەکە بۆ ئەوە بووە دڵنیاببنەوە لەوەی بازرگانان نەختینەی پێویستیان هەبێت بۆ مامەڵەکان و پارێزراو بن لە ناجێگیرییەکانی نرخ.
 
پێش بڕیارەکە، ئۆنسەیەک زیو گەیشتبووە 82.92 دۆلار کە بەرزترین ئاستی نرخەکەی بووە لە مێژوودا.
 
شارەزایان دەڵێن، کەمیی "نەختینە" لە بازاڕەکاندا بەهۆی پشووەکانی سەرەتای ساڵ، بووەتە هۆی ئەوەی گۆڕانکارییەکان لە نرخدا بە خێرایی و بەشێوەیەکی بەرچاو دەربکەون.
 
ئاماژە بەوەش دەکەن کە دابەزینی نرخەکان بەهۆی گۆڕانکاری لە "خواست و خستنەڕوو" نەبووە، بەڵکو تەنیا رێکخستنەوەی مامەڵەکانی بازرگانان بووە.
 
ئەمە بەو واتایە دێت کە سەرەڕای دابەزینە گەورەکەی دوێنێ و ناجێگیری لەسەر ئاستی کورتخایەن، بەڵام زیو لەسەر ئاستی جیهانی پاڵپشتییەکی بەهێزی هەیە، چونکە خواستێکی زۆری پیشەسازی لەسەرە، هاوکات پێشبینیی بەردەوامیی کەمکردنەوەی رێژەی سوود و ناسەقامگیرییە سیاسی و داراییەکان دەکرێت.