نزیکەى 100 کیلۆمەترى هێڵى دووەمى کەرکووک – جەیهان کێشەى تێدایە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو تیمى هاوبەشى وەزارەتى نەوت و کۆمپانیاى نەوتى باکوور خەریکى چاککردنەوەى هێڵى دووەمى 46 ئینجی هەناردەى نەوتى کەرکووکن بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا، کە نزیکەى 100 کیلۆمەترى کێشەى تێدایە.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە دەستی کەوتوون، ئێستا تیمەکانی ئەو کۆمپانیایە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای پڕۆژەکانی نەوت کە سەر بە وەزارەتی نەوتە، خەریکی چاککردنەوەی هێڵی 46ـی هەناردەی نەوتن.
 
ئەو هێڵە 328 کیلۆمەترە لە کەرکووکەوە دەچێتە ناوچەى شەرگات لە پارێزگاى سەلاحەدین و پاشان بە رۆژهەڵاتى پارێزگاى نەینەوادا تێدەپەڕێ بەرەو پێشابوور لە هەرێمی کوردستان، بەر لەوەی لە سنووری تورکیا تێپەڕێ.
 
بە گوتەی سەرچاوەکەى رووداو، لە کۆی 328 کیلۆمەتریی درێژیی ئەو هێڵە، کێشە لە نزیکەی 100 کیلۆمەتریدا هەیە، کە لەنێوان ناوچەی شەرگات تاوەکو سنووری نێوان نەینەوا و هەرێمی کوردستانە کە تیمەکان خەرجى چاککردنەوەین.
 
بەهۆى جەنگى ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، لە 28ى شوباتەوە زۆرینەى هەناردەى نەوتى عێراق لە رێگەى بەندەرەکانى بەسرەوە راگیراوە، ئەوەش بەهۆى ئەوەى تەنگەى هورموز نیمچە داخراوە کە دەرچەى هەناردەى زیاتر لە 90%ى نەوتى عێراقە.
 
سەرچاوەکەى رووداو لە کۆمپانیاى نەوتى باکوور رایگەیاند، پشکنینی هەوا و ئاوی هێڵەکە کراوە. ئەو 100 کیلۆمەترەی کێشەى تێدایە بەهۆی شەڕی داعش و بە قاچاخبردنی نەوت کون کراوە، تیمەکان خەریکی چاککردنەوەین، بەڵام وادەیەکی دیاریکراو نییە بۆ خستنەگەڕی.
 
ئێستا عێراق رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکووک لە رێگەى بۆرى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا هەناردە دەکات.
 
وەزارەتى نەوت دەیەوێ هێڵە 46 ئینجیەکەى کەرکووک بخاتەوە گەڕ بۆ ئەوەى بڕى هەناردەى  نەوت زیاد بکات کە بەر لە جەنگ رۆژانە نزیکەى لە 3.4 ملیۆن بەرمیلى هەناردە دەکرد.