وەزارەتی دارایی عێراق بۆ سوودانی: گەنجینە بەرگەی بارگرانیی دارایی زیاتر ناگرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە کە تایبەتە بە داواکاریی بەهەمیشەییکردنی گرێبەستی فەرمانبەرانی وەزارەتی نەوت. وەزارەتەکە دەڵێت، یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی هیچ دەقێکی تێدا نییە کە رێگە بە بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان بدات.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، کە رێککەوتی 29ی ئایاری 2025ی لەسەرە، وەزیری دارایی عێراق گوتوویەتی، "یاسای بودجە بۆ ساڵانی دارایی 2023 و 2024 و 2025 هیچ دەقێکی تێدا نییە رێگە بە بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان بدات، جگە لەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی لە چوارچێوەی بودجەی ئەنجوومەنی نوێنەراندان."
وەزارەتەکە دەڵێت، "گەنجینەی گشتی توانای هیچ بارگرانییەکی دارایی زیاتری نییە کە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیر نەکرابێت، ئەوەش بەپێی مادەی (22 دووەم)ی یاسای بودجەی گشتی."
وەزارەتی دارایی عێراق باس لەوە دەکات، "بابەتەکە لەژێر رۆشنایی دەقە یاساییەکاندا تاوتوێ دەکرێت، ئەگەر پێویست بکات، رەنگە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2026دا جێگیر بکرێت."
لە عێراق زیاتر لە 11 ملیۆن مووچەخۆر هەن، کە بەگوێرەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق زیاتر لە چوار ملیۆنیان فەرمانبەری دەوڵەتن.
لە یاسای بودجەی سێ ساڵە 150 هەزار گرێبەست دیاریکراون کە بەسەر پارێزگاکان دابەشکراون.