دۆزینەوەی رێژەیەکی زۆر نەوت و گاز لە هەریر
رووداو-ئاژانسەکان
هەردوو کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی و ماراسۆنی ئەمریکی لە دوو راپۆرتی جیادا رایانگەیاندووە، لە بلۆکی نەوتی هەریر، لە میراوا رێژەیەکی زۆر نەوت، گاز و کۆندێنسەیتیان دۆزیوەتەوە.
لە تاقیکردنەوەکاندا، کە بە لێدانی بیری میراوا1 بە قووڵایی زیاتر لە 4 هەزار مەتر لە ژێر زەوی ئەنجامدراوە، رۆژانە تێکرا نزیکەی 11 هەزار بەرمیل نەوت دەرهاتووە، کە نەوتی سووکی کواڵیتی بەرزی ئەی پی ئای 39-45ـە.
هەروەها رێژەیەکی زۆری گازی سروشتی، کە رۆژانە خۆی لە 72 ملیۆن پێی سێجا دەدات لەو بیرە دەرهاتووە. لە بەشێکی ئەو کێڵگەیە رێژەیەکی بەرچاویش کۆندێنسەیت، واتا غازی شل، کە نزیکەی رۆژانە 1700 بەرمیلە، دەرهاتووە.
لە بلۆکی هەریر کۆمپانیای ماراسۆن خاوەنی لەسەدا 45 ی پشکەکان و کۆمپانیای تۆتاڵ لەسەدا 35ە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خاوەنی لەسەدا 20 ی پشکەکانە.