نەرمین مەعرووف: یەکێک لە بژارەکانی چارەسەرکردنی مووچەی فەرمانبەران، هەموارکردنی یاسای بودجەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تێگەیشتنێک لە بەغدا هەیە کە دەبێت کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت و ئاماژە بەوەش دەکات، یەکێک لە بژارەکان بۆ ئەو مەبەستە هەموارکردنی یاسای بودجەیە.
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی سێشەممە، 31-10-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تێگەیشتنێک لە بەغدا هەیە کە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت. تێگەیشتنەکە بەو جۆرەیە کە دەبێت ئەو کێشەیە لە هەموو شتێک جیابکرێتەوە و تێکەڵ بە هیچ بابەتێک نەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا میکانیزمەکە و چۆنیەتی جێبەجێکردنی یەکلایی نەبووەتەوە".
نەرمین مەعرووف گوتی، یەکێک لە بژارە و رێگاکان بریتییە لە هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، بەتایبەتی مادە و بڕگەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان، لەوانەش مادەی 13ی یاسای بودجە و لابردنی دەستەواژەی خەرجی راستەقینە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەوەش لانەبرێت، لانیکەم مادەکە بەشێوەیەک دابڕێژرێتەوە کە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی خەرجییەکانی حکومەتی عێراقی هەژمار بکرێت، ئینجا ئەوە چۆن دادەڕێژرێتەوە و رێککەوتن لەسەر چی دەکرێت، دەکەوێتە سەر گفتوگۆ سیاسییەکان.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر میکانیزمێک رێکبکەون کە هەردوولا پێی رازی بن".
بەپێی راپۆرتی روونکردنەوەی وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ژمارەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی هەرێمی کوردستان 682 هەزار و 141 کەسە و 734 ملیار و 593 ملیۆن و 244 هەزار دیناریان بۆ مووچە پێویستە. ئەوەی کە پەیوەندی بە فەرمانبەرانی گرێبەستەوە هەیە، ژمارەکەیان 26 هەزار و 889 کەسە و خەرجییەکەیان 12 ملیار و 394 ملیۆن و 596 هەزار دینارە.
بە گوێرەی هەمان راپۆرت، ژمارەی خانەنشینی مەدەنی و سەربازی 245 هەزار و 104 کەسە کە خەرجییەکەیان 119 ملیار و 79 ملیۆن و 909 هەزار دینارە.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، ژمارەکە 76 هەزار و 788 کەسە کە مانگانە 11 ملیار و 177 ملیۆن و 850 هەزار دیناریان پێویستە. ژمارەی شەهیدان و ئەنفالکراوان 83 هەزار و 413 کەسە کە مانگانە 36 ملیار و 377 ملیۆن و 465 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت.
خەرجی مانگانەی شایستەی مووچەی فەرمانبەران (مەدەنی و سەربازی) و خانەنشینان (مەدەنی و سەربازی)و چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان 913 ملیار و 623 ملیۆن و 64 هەزار دینارە.