ترانزێتی کاڵا لە دەروازەی سنووریی رازیی ورمێ 20 هێندە زیادی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی رازیی خۆی لە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە حەوت مانگی رابردوودا یەک ملیۆن و 70 هەزار کەس لەو دەروازە سنوورییەوە هاتووچۆیان کردووە. هەروەها بەراورد بە پار ترانزێتی کاڵا لەو دەروازە سنوورییە 20 هیندە زیادیکردووە.
ئەسغەر کازمی، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی رازیی خۆی رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، هاتووچۆی گەشتیاری و ترانزێتی کاڵا لەو دەروازە سنوورییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی رازی، "رۆژانە پێنج هەزار کەس لەو دەروازە سنوورییەوە هاتووچۆ دەکەن و لە حەوت مانگی رابردووشدا یەک ملیۆن و 70 هەزار کەس هاتووچۆیان کردووە."
ئەسغەر کازمی گوتی: "ئەگەر هاتووچۆی گەشتیاری بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، پێشبینی دەکەین تاوەکو پێنج مانگی دیکە ژمارەی ئەو کەسانەی لە دەروازەی سنووریی رازییەوە هاتووچۆ دەکەن بگاتە دوو ملیۆن کەس."
کازمی ئاماژەی بە زیادبوونی ئاماری ترانزێتی کاڵا لەو دەروازە سنوورییەش کرد و گوتی: "لە ماوەی حەوت مانگدا زیاتر لە هەشت هەزار و 466 بارهەڵگر لە دەروازە سنوورییەکەوە باریان گواستووەتەوە، کە بەراورد بە پار 20 هێندە زیادیکردووە." دەشڵێت، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 115 هەزار تۆن کاڵا لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە هەناردە کراوە.
بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی رازیی خۆی ئاماژە بە پلانی فراوانکردنی دەروازە سنوورییەکە دا و گوتی، ژێرخانەکانی سنوورەکە ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی رۆژانە بتوانێ پێشوازی لە 400 بارهەڵگر بکات. هەروەها رێرەوەی گەشتیاریی دەروازەکەش فراوانتر دەکرێت.
دەروازەی سنووریی رازیی خۆی دەکەوێتە نێوان پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای وانی باکووری کوردستان و بە یەکێک لە دەروازە سەرەکییەکانی هاتووچۆی گەشتیاری لە نێوان ئێران و تورکیا دادەنرێت.