نرخی زێڕ لە دوایین رۆژی ساڵدا بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە دوایین رۆژی بازاڕەکان لە ساڵی 2025، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتەوە 4345 دۆلار. بەرەبەیانیی ئەمڕۆ زێڕ ئاستی 4370 دۆلاریشی تۆمارکرد.
زێڕ لە کۆتاییەکانی ئەم ساڵ ناجێگیر بوو؛ دوێنێ نزیکەی 80 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4402 دۆلار، بەڵام دواتر قازانجەکانی لەدەستدا.
لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا ئۆنسەیەک زێڕ بە 4359 دۆلارە.
سەرەڕای ناجێگیرییەکانی ئەم رۆژانەی دوایی، بەڵام زێڕ ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا نزیکەی 66٪ بەرزبووەتەوە. ئەمە گەورەترین بەرزبوونەوەی ساڵانەی نرخی زێڕە لەدوای ساڵی 1979ـوە.
ناڕوونی لە چارەنووسی رێککەوتنی ئاشتی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا، وایکردووە وەبەرهێنەران زێڕ وەک "پەناگەیەکی ئارام" هەڵبژێرن.
لە ئەمریکاش بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆکی کۆنووسی کۆبوونەوەی مانگی کانوونی یەکەمی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەریخستووە کە ئەگەر هەڵاوسان بەردەوام بێت لە دابەزین، زۆرینەی بەرپرسانی بانکەکە پشتگیری لە کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە مانگەکانی داهاتوودا دەکەن.
هاوکات بەردەوامی کڕینی بڕێکی زۆری زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان و زیادبوونی پشکی زێڕ لە سندوقەکانی وەبەرهێنان، پاڵپشتێکی بەهێزی نرخەکان بوون.