نرخی پلاتینیۆم ناجێگیرە و زیاتر لە 100 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی پلاتینیۆم 200 دۆلار دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 1935 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە یەک هەفتەی رابردوودا نرخی ئۆنسەیەک پلاتینیۆم زیاتر لە 300 دۆلار دابەزیوە.
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممە گەیشتبووە زیاتر لە 2500 دۆلار کە بەرزترین ئاستی نرخەکەی بووە لە مێژوودا، بەڵام لەوکاتەوە هاوشێوەی کانزاکانی دیکە بەهۆی شەپۆلێکی فراوانی فرۆشتنەوە لە دابەزین بووە.
سەرەڕای ئەم دابەزینە، ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا نرخی ئۆنسەیەک پلاتینیۆم 125٪ بەرزبووەتەوە.
تەنیا لەم مانگەشدا، نرخی پلاتینیۆم 33٪ بەرزبووەتەوە، ئەوەش زۆرترین بەرزبوونەوەی مانگانەیە لەدوای ساڵی 1986ـەوە.
بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی پلاتینیۆم لەم مانگەدا دوای ئەوە هات کە یەکێتیی ئەورووپا لە قەدەخەکردنی بزوێنەری سووتەمەنیی و کارکردوو بە بەنزین لە 2035 پەشیمان بووەوە. کەمیی خستنەڕووش هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی.
هۆکارێکی دیکەی ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی ئەو وڵاتە پلاتینیۆمی خستە لیستی "کانزا گرنگەکان"، ئەمەش وایکرد کۆمپانیاکان دەست بکەن بە کۆگاکردنی ئەم کانزایانە و کەمبوونەوەی خستنەڕوو لە بازاڕە هەرێمییەکاندا دروست ببێت.