بۆ دووەمین رۆژی لەسەریەک نرخی زێڕ دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رۆژدا نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21، بە بڕی 25 هەزار دینار دابەزیوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێر بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 750 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 875 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 916 هەزار دینارە.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 760 هەزار دینار، عەیار 21 بە 888 هەزار و عەیار 22ـش بە 930 هەزار دینار بوو.
بەگشتی، لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی مسقاڵێک زێڕ 25 بۆ 30 هەزار دینار دابەزیوە.
دابەزینی نرخی ئۆنسەی زێڕ هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی مسقاڵی زێڕە.
ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەی زێڕ زیاتر دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 4325 دۆلارە.
زانا وەرتی، زێڕنگەر لە شاری هەولێر بە رووداوی گوت، بە مانەوەی گرژییە جیۆسیاسییەکان، کەمکردنەوەی زیاتری رێژەی سوود لە ئەمریکا و کڕینی زێڕ لە لایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهانەوە، ئەگەری زۆرە ساڵی داهاتوو نرخی زێڕ بەرزببێتەوە.
زانا وەرتی گوتی، دابەزینی ئەمدواییانەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار، وایکردووە دابەزینی نرخی مسقاڵی زێڕ کەمێک سنووردار بێت.
گۆڕانی نرخی مسقاڵی زێر لە هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو فاکتەری سەرەکییەوە؛ نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان لە لایەک و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە لایەکی دیکە.
بە بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان، نرخی مسقاڵی زێڕیش بەرزدەبێتەوە و بەپێچەوانەوەشەوە لەگەڵیدا دادەبەزێ.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، دابەزینی بەهای دینار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێر و بەرزبوونەوەی نرخی دیناریش دایدەبەزێنێت.
تێچووی حەواڵەی زێڕی هاوردەکراویش دەکرێت کاریگەریی لەسەر نرخی مسقاڵی زێر هەبێت.