رووداو دیجیتاڵ
نزیکبوونەوەی وادەی دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 کێشەیەکی گەورەی بۆ رێکخەران و فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی دروستکردووە، ئەویش گۆڕینی چیمەنی یاریگاکانی ئەمریکا و مەکسیکە بۆ چیمەنی سروشتی، بەشێک لە هەڵبژاردەکان نیگەرانیی خۆیان لە خراپیی کوالێتی یاریگاکان و مەترسییەکانی تووشبوون بە پێکان دەربڕیوە.
لە نوێترین پێشهاتدا و لە 3ـی مانگی 6ـی 2026، هەڵبژاردەی ژاپۆن بڕیاریدا راهێنانەکانی لە سەنتەری تێگرێس لە مەکسیک رابگرێت.
تاکێفوسا کوبۆ، یاریزانی هەڵبژاردەی ژاپۆن لەبارەی خراپیی شوێنی راهێنانەکانیان، گوتی "چیمەنی دوێنێ باش نەبوو، رەق بوو و چاڵی تێدابوو.. پێویست بوو شوێنەکە بگۆڕین، چونکە یاریزانەکان نەیاندەتوانی بەدڵی خۆیان راهێنان بکەن". بەهۆی ئەم کێشەیەوە ژاپۆنییەکان شوێنی مەشقەکانیان بۆ ناوەندی ئەل باریال گواستەوە تاوەکو سەلامەتیی یاریزانەکانیان بپارێزن.
هاوکات هەڵبژاردەی سەنیگال لە کاتی مەشقەکانی لە یاریگای بانک ئۆف ئەمریکا لە شارلۆت، کێشەی ناڕێکیی بەرزبوونەوەی تۆپیان بۆ دروستبوو، تۆپیان هەڵدەدا ئاسمان و تۆپەکە بە ئەستەم بەرزدەبووەوە. یاریزانانی ئەم هەڵبژاردەیە ئاماژەیان بەوە کرد چیمەنە نوێیەکە بەشێوەیەکی سروشتی تۆپەکەی تێدا ناجوڵێت، ئەمەش ئاستەنگی بۆ پلانەکانی راهێنەر دروستکردووە.
کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە زۆربەی یاریگاکانی ئەمریکا بۆ یاریی 'تۆپی پێی ئەمریکی' دروستکراون و رووبەرەکەیان تەسکترە لە ستانداردی فیفا. بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش، رێکخەران ناچارن بەشێک لە کورسییەکانی یاریگاکان تێکبدەن بۆ ئەوەی رووبەری یاریگاکە بگەیێننە 105 بە 68 مەتر. هەروەها بوونی بنمێچ لە پێنج یاریگای سەرەکیدا رێگرە لە گەیشتنی تیشکی خۆر بە چیمەنەکە، ئەمەش وا دەکات پاراستنی چیمەنی سروشتی لە ماوەی شەش هەفتەی پاڵەوانێتییەکەدا کارێکی زۆر سەخت بێت.
فیفا بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم کێشانە، پشت بە توێژینەوەی زانکۆکانی ئەمریکا دەبەستێت بۆ بەکارهێنانی سیستمی هایبرید، کە تێیدا تانکی ئاوی تایبەت و گڵۆپی دەستکرد بۆ گەشەکردنی چیمەنەکە بەکاردەهێنرێت. لە یاریگای بی سی پلەیس لە ڤانکۆڤەر، بڕیار دراوە بنمێچی یاریگاکە بە تەواوی دابخرێت و تەنیا پشت بە رووناکیی دەستکرد ببەسترێت بۆ ئەوەی سێبەری ناڕێک لە ناو یاریگاکەدا دروست نەبێت.
پێشتر لە چەندین پاڵەوانێتیی گەورەدا کوالێتیی چیمەن کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەنجامی یارییەکان و سەلامەتیی یاریزانان هەبووە، هەر بۆیە فیفا هەوڵدەدات لە مۆندیالی داهاتوودا ئەم ئاڵنگارییە تێپەڕێنێت.




