رووداو دیجیتاڵ
ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق لە کاتی گەیشتنی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی شیکاگۆ بۆ ماوەی حەوت کاژێر دەستبەسەرکرا، دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان و لێکۆڵینەوەکان رێگەی پێدرا فڕۆکەخانە جێبهێڵێت و بێتە نێو خاکی ئەمریکا.
شاندی هەڵبژاردەی عێراق لە کاژێر یەکی شەو گەیشتنە ئەمریکا، هەموو ئەندامانی شاندەکە لە فڕۆکەخانە چوونە دەرەوە تەنیا ئەیمەن حوسێن نەبێت، کە لەلایەن دەسەڵاتە ئاسایشپارێزەکانی فڕۆکەخانەی شیکاگۆوە راگیرا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا. فەرمانگەی کۆچ و پاسپۆرت لە فڕۆکەخانەکە دوای ئاراستەکردنی چەندین پرسیار و تەواوکردنی رێکارەکان، یاریزانەکەیان ئازاد کرد.
تاوەکو ئێستا ناوەڕۆکی ئەو پرسیارانە دیارنین کە ئاراستەی هێرشبەرەکەی عێراق کراون، بەڵام یاریزانەکە دوای ئازادکردنی راستەوخۆ بەرەو شوێنی مانەوەی شاندی هەڵبژاردەکە بەڕێکەوتووە. هیچ لایەن و کەسایەتییەک دەستوەردانیان لە ئازادکردنی یاریزانەکەدا نەکردووە و تەنیا دوای تەواوبوونی رێکارەکان رێگەی پێدراوە بڕوات.
فەرمانگەی کۆچ و گومرگی ئەمریکا دەسەڵاتی رەهای هەیە لە گرتنەبەری هەر رێکارێکی یاسایی لە فڕۆکەخانەکاندا و هیچ وەزارەت یان بەرپرسێک ناتوانێت دەستوەردان لە کارەکانیاندا بکات.
لێکۆڵینەوە لە فڕۆکەخانەکانی ئەمریکا رێکارێکی ئاساییە و رەنگە هەموو کەسێک بگرێتەوە، تەنانەت هاووڵاتییانی ئەمریکیش بەهۆی چەندین هۆکاری جیاوازەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.




