رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ ماوەی نوێ وەک سەرۆکی یانەی ریال مەدرید هەڵبژێردرایەوە، گەورەترین سوپرایزی بۆ هاندەرانی یانە شاهانەکە ئاشکراکرد و گەڕانەوەی 'سپێشەڵ وەن'ـی راگەیاند.
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانیش، مۆرینیۆ دەیەوێت بە هاوکاری دڕندەکە شۆڕش لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەرپا بکات.
پێپێ؛ یاریدەدەرە نوێیەکەی مۆرینیۆ
رامۆن ئەلڤارێز، رۆژنامەنووسی نزیک لە یانەکە ئاشکرای کردووە، مۆرینیۆ تەنیا ناگەڕێتەوە، بەڵکو پێپێی بەرگریکاری پێشووی
یانەکە و هاونیشتمانیشی لەگەڵ خۆی دەباتە نێو ستافی راهێنەرایەتی.
پێپێ کە بە دڕندەکە ناسراوە، پاڵێوراوی سەرەکییە بۆ ئەوەی ببێتە دەستی راستی مۆرینیۆ لە پڕۆژە نوێیەکەدا.
رێکخستنەوەی ژووری جلگۆڕین
ئامانج لە هێنانی پێپێ بۆ نێو ستافی مۆرینیۆ، سوودوەرگرتنە لە کەسایەتییە سەرکردە و شەڕانگێزەکەی ئەو یاریزانە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ژووری جلگۆڕین و گەڕاندنەوەی کەسایەتی و ناسنامە بۆ مێرێنگی.
پێپێ کە لەنێوان ساڵانی 2007 بۆ 2017 یەکێک بوو لە کۆڵەکەکانی بەرگری ریال مەدرید، لەلایەن هاندەرانەوە خۆشەویستییەکی زۆری هەیە و گەڕانەوەی وەک ئەندامێکی ستافی راهێنەران بە هەواڵێکی دڵخۆشکەر دادەنرێت.
ئەمە دەبێتە دووەم وێستگەی کارکردنی مۆرینیۆ و پێپێ پێکەوە لە مەدرید، دوای ئەوەی لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2013 پێکەوە چەندین نازناوی ناوخۆییان بۆ یانە شاهانەکە چنییەوە.

.jpg&w=3840&q=75)


