رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەنووسێکی ئیسپانی رایگەیاندووە، کاتێک ناوی ئەو یاریزانەی بیستووە کە ریال مەدرید بەنیازە دەستەوارەی 150 ملیۆن یۆرۆیی پێشکەش بکات، تووشی شۆک بووە.
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، رایگەیاندووە بەنیازە لە رێگەی پێشکەشکردنی دەستەوارەیەک بەبەهای 150 ملیۆن یۆرۆ و زیاتر بداتە ئەستێرەیەک. میدیاکان دەڵێن، ئەوەی پێرێز بەنیازە بیکات، بۆمبێکی گەورەیە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا.
هەر یاریزانێک بەو نرخە بێتە ریال مەدرید، دەبێتە گرانترین لە مێژووی یانەکەدا.
خۆسێ لویس سانچێزی رۆژنامەوانی ئیسپانی دەڵێ، پێرێز "سوپرایزێکی زەبەلاح و پێشبینینەکراو"ی بۆ هاندەرانی ریال مەدرید پێیە و دووپاتیدەکاتەوە، سبەی سێشەممە دەستەوارەکە پێشکەش دەکرێت.
سانچێز دەڵێ، "ئەگەر دەستەوارەکە بۆ ئەو یاریزانە بێت کە من ناوەکەیم بیستووە، ئەوە سوپرایزێکی زیر گەورە و پێشبینی نەکراو دەبێت. من خۆم کاتێک ناوەکەم بیست، شۆک بووم".
ئەو هەروەها دەڵێ، "دەستەوارەکە نە بۆ ڤیتینیایە نە بۆ ئۆلیسێ، ناشتوانم لەوە زیاتر هیچی دیکە بڵێم".
سانچێز زیاتر دەڵێ، "من دڵنیام بە 150 ملیۆن یۆرۆ دەکرێ گرێبەستی لەگەڵ بکرێت. ئەو یاریزانەی پێرێز ئەو بڕە پارەیەی پێشکەش دەکات بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی، باوەڕپێنەکراوە، گورزێکی کوشندە دەبێت".
سانچێز دووپاتیدەکاتەوە، "هاندەرانی ریال مەدرید تووشی شۆک دەبن، ئەگەر پێرێز بتوانێت گرێبەستەکە ئەنجام بدات".
ئەوەشی خستووەتە روو کە "پێرێز بەرەوپێشچوونی گەورەی لە دەستەوارەکەدا بەدەستهێناوە، دڵنیایە لەوەی تەواوی دەکات".
فلۆرێنتینۆ پێرێز کە لە هەڵبژاردنەکانی دوێنێی یانەکەیدا، 65 لەسەدی دەنگەکانی بەدەستهێنا و تاوەکو 2030 بووەوە سەرۆکی یانەکە، پێشتر رایگەیاندبوو دەستەوارە پێشکەشی یانەیەکی چامپیۆنزلیگ دەکەم و دەستەوارەکە گرانترینی مێژووی ریال مەدرید دەبێت، دەستەوارەکە لە 150 ملیۆن یۆرۆ کەمتر نابێت.



.jpg&w=3840&q=75)
