رووداو دیجیتاڵ
دوای 24 ساڵ، هەڵبژاردەی تورکیا جارێکی دیکە بەشداری لە مۆندیالدا دەکاتەوە و لە یەکەم دەرکەوتنیدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوسترالیا یاریی دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، کاژێر 07:00 لە ڤانکۆڤەر تورکیا و ئوسترالیا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، لە دوای مۆندیالی 2002ـەوە ئەمە یەکەمجارە هەڵبژاردەی تورکیا دەگاتەوە مۆندیال و چاوی لەوەیە بە ئەنجامێکی باشەوە بچێتە نێو رکابەرییەکە.
تورکیا بە سەرکردایەتیی ڤیچێنزۆ مۆنتێلا، راهێنەری ئیتاڵی و ئەستێرە دیارەکانی وەکو ئاردا گولەر و کێنان یەڵدز دەیەوێت ئەنجامێکی ئەرێنی لە مۆندیالدا بەدەستبهێنێت.
هەڵبژاردەکە سێجار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، 24 ساڵ لەمەوبەر لە مۆندیالی 2002 کە لە ژاپۆن و کۆریای باشوور ئەنجامدا، پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و ئەوە باشترین ئەنجامی هەڵبژاردەکە بووە.
هەڵبژاردەی ئوسترالیا، 5 مۆندیالە لەسەریەک بەشداریی دەکات و لە مێژوویدا 7 جار بەشدارییکردووە، هەڵبژاردەکە لە 2006 و 2022 گەیشتووەتە قۆناخی شازدەی جامی جیهان و ئەوە باشترین ئەنجامی هەڵبژاردەکە بووە لە پاڵەوانێتییەکەدا.




