رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم یاریی رۆژی سێیەمی مۆندیالدا، لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی دووەمدا، هەڵبژاردەی سویسرا بەرامبەر هەڵبژاردەی قەتەر یاریی دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی یەکەم سێ خاڵ لە رکابەرییەکەدا.
رۆژی هەینی سویسرا دوایین مەشقەکانی لە سان دیێگۆ ئەنجامدا، ئەمشەو لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە یاریگای سان فرانسیسکۆ بەرامبەر هەڵبژاردەی قەتەر یاریی دەکات.
سویسرا 13 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، سێ جار گەیشتووەتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە و ئەمە باشترین ئەنجامی هەڵبژاردەکە بووە.
لە پێنج مۆندیالی رابردوودا بەسەریەکەوە بەشدارییکردووە و دەیەوێت ئەمجارە ئەنجامێکی باشتری لە بەشدارییەکانی پێشووی هەبێت.
هەڵبژاردەی قەتەر، بۆ دووەمجار لەسەریەک بەشداری لە مۆندیالدا دەکات، دوای ئەوەی لە مۆندیالی رابردوودا وەکو وڵاتی میوانداری بەشدارییکرد و ئەمە یەکەمجارە لە رێگەی پاڵاوتنەوە سەربکەوێت.
هەڵبژاردەکە لەژێر سەرپەرشتی جولین لۆپیتیگێ، راهێنەری ئیسپانی چاوی لەوەیە لە یەکەم دەرکەوتنیدا ئەنجامێکی باشی هەبێت.
قەتەر لە مۆندیالی رابردوودا هەرسێ یارییەکەی لە قۆناخی یەکەمدا دۆڕاند، 7 گۆڵی لێکرا، تەنیا 1 گۆڵی تۆمارکرد و هەر لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا ماڵئاواییکرد.




