رووداو دیجیتاڵ
یاریزانانی کورد لە مۆندیالی 2026 دەدرەوشێنەوە، بۆ شەوی دووەم لەسەریەک دوو یاریزانی کورد، بەباشترین یاریزانی یاریی هەڵبژاردەکانیان دەستنیشانکران، دێنیز ئونداڤ، لە یاریی ئەڵمانیا و کۆتدیڤوار، عەلیڕەزا بەیرانوەند لە یاریی ئێران و بەلجیکا.
بەیراوەند، کوردە، خەڵکی لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لەکە، ئەو لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا گۆڵپارێزی سەرەکی هەڵبژاردەی ئێران بووە، لە یاریی بەرامبەر بەلجیکا پاڵەوانی یارییەکە هەر خۆی بوو.
لەو یارییەدا گۆڵپارێزە کوردەکە 7 تۆپی گەڕاندەوە و بەباشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا، دوای یارییەکە رۆمێلو لوکاکۆ، هێرشبەری بەلجیکا گوتی "عەلیڕەزا ئەستێرەی یارییەکە بوو، ئەو هەموو شتێکی دەگەڕاندەوە".
جیانلویجی بوفۆن، گۆڵپارێزی پێشووی ئیتاڵیا ستایشی ئاستی بەیرانوەند دەکات و دەڵێت "ئەنجامدانی کارێکی وەها لە روانگەی گۆڵپارێزێکەوە، بە یەکێک لە قورسترین کارەکانی تۆپی پێ دادەنرێت؛ چونکە جگە لە خێرایی، پێویستی بە جێگیربوونی راست، کاتێکی ورد و بیرکردنەوەیەکی زۆر لە بارودۆخێکی پڕ لە گوشاردا هەیە."
جۆزێ مۆرینیۆ ستایشی ئاستی بەرزی گۆڵپارێزە کوردەکە دەکات و دەڵێت "بەلجیکا هەموو شتێکی بە دروستی ئەنجامدا، هەلی زۆر باشیان دروستکرد بەڵام بێرانوەند گەڕاندنیەوە. لە هێرشی دواتردا، هەمان چیرۆک دووبارە بووەوە؛ گەڕاندنەوەیەکی دیکە، هێرشی دواتر گەڕاندنەوەیەکی دیکە. لە شوێنێکدا، من شیکردنەوەی ئاستی بەلجیکام راگرت و دەستم کرد بە شیکردنەوەی بەیرانوەند، چونکە ئەو بە روونی گرنگترین یاریزانی یاریگا بوو."
مۆرینیۆ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە یەکێکم پرسی لە کام یانە یاری دەکات؟ چاوەڕێم دەکرد یانەیەکی بەناوبانگ بێت. گوتیان تراکتۆر. منیش خۆم وا نیشاندا کە بە وردی دەزانم باسی چی دەکەن، بەڵام لە راستیدا نەم دەزانی! ئەگەر گۆڵپارێزێک بتوانێت بەرامبەر بەلجیکا ئەو گەڕاندنەوانە ئەنجام بدات، دەبێت لە یەکێک لە گەورەترین یانەکانی ئەوروپا یاری بکات."
عەلیڕەزا بەیرانوەند، ئەمە جاری یەکەمی نییە دەبێتە ترێند، پێشتر لە 2018 لێدانی سزای کریستیانۆ رۆناڵدۆی گەڕاندووەتەوە. ئەو لە ماوەی ساڵەکانی 2014 تاوەکو 2019 باشترین گۆڵپارێزی خولی پلە نایابەکانی ئێران بووە و ساڵی 2019ش وەک کەسایەتی تۆپی پێی ئێران هەڵبژێردرا.




