رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دووەم یاریی خۆی لە مۆندیالدا ئەنجامدەدات و دەیەوێت رێگاکەی بۆ گەیشتن بە قۆناخی دووەمی مۆندیال تەواو بکات.
دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمیاندا بەرامبەر جەزائیر هاتریکی تۆمارکرد، ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 20:00 جارێکی دیکە جیهان بینەری قاچە مێژوویی و ئەفسوناوییەکانی لیۆنێل مێسی دەبێتەوە، کاتێک بەرامبەر هەڵبژاردەی نەمسا یاریی دەکەن بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە و تۆمارکردنی بردنەوەیەکی دیکە.
تانگۆ بەهێزەوە چووەتە نێو مۆندیال و دەیەوێت هەنگاوەکانی بۆ پاراستنی نازناوەکەی درێژە پێبدات.
ئەرجەنتین لە دالاس دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا، سەرجەم یاریزانەکانی تیپەکەی سکالۆنی ئامادەن و چاوەڕواندەکرێت مێسی بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا بکات، سەرەڕای ئەوەی سکالۆنی گوتبووی ئەگەری هەیە گۆڕانکاری لە تیپەکەیدا بکات.
مێسی گۆڵکاری ئەم مۆندیالەیە بە تۆمارکردنی سێ گۆڵ و ژمارەی گۆڵەکانی لەگەڵ میرۆسلاڤ کلۆزەی گۆڵکاری مێژوویی مۆندیال یەکسانکردووەتەوە، لیۆ پێویستی بە تەنیا یەک گۆڵ هەیە بۆ ئەوەی ریکۆردە مێژووییەکە بە ناوی خۆیەوە بکات.
هەڵبژاردەی نەمسا، بەسەرکردایەتیی دەیڤد ئالابا بۆ رووبەڕوبوونەوە گرنگەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئامادەیە و دەیەوێت رکابەری لەسەر لە گەیشتن بە قۆناخی دووەمی مۆندیال بکات.
رۆژی یەکشەممە هەڵبژاردەکە لە دالاس دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و هەر لەوێش هەردوو تیپ رکابەریی یەکدی دەکەن بۆ بردنەوەی سێ خاڵی دیکە و گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
نەمسا لە یاریی یەکەمیدا سەرکەوتنی بەرامبەر ئوردن بەدەستهێنا و بەرامبەر ئەرجەنتین رکابەری لەسەر پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی دەیەمی مۆندیال دەکات.
نەمسا ئەمە جاری هەشتەمە بەشداری لە مۆندیالدا دەکات، بەڵام لە 1998ـەوە یەکەمجارە بەشدار دەبێت، هەڵبژاردەکە پێشتر چوارجار قۆناخی کۆمەڵەکانی بڕیووە، جارێک پلەی سێیەم و جارێکیش پلەی چوارەمی مۆندیالی بەدەستهێناوە، دەیەوێت ئەمجارەش سوود لە سەرەتا باشەکەی وەربگرێت بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتوو.




