رووداو دیجیتاڵ
فرانسیسکۆ کۆنسێساو، یاریزانی هەڵبژاردەی پۆرتوگالە، ستایشی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات و دەڵێت "ئێمە پابەندنین بەوەی بەتەنیا پاس بەو بدەین."
یاریزانەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کۆنسێساو قسەیکرد و ستایشی کریستیانۆ رۆناڵدۆی کرد بە رۆژنامەڤانانی گوت" من پێم وایە کریستیانۆ بەو کوالیتییەی لە تۆمارکردنی گۆڵدا هەیەتی، پێم وانییە کەسێکی دیکەی هاوشێوەی ئەو بێت لەو بوارەدا. بەڵام ئێمە ئەو پابەندییە یان ئەو پێویستییەمان لەسەر نییە کە هەر دەبێت تۆپەکە بۆ ئەو بنێرین وپاسی بۆ بدەین."
یاریزانەکە زیاتر گوتی "بۆ نموونە، ئەگەر باسی خۆم بکەم، من تۆپەکە بۆ هەر کەسێک دەنێرم کە پێم وابێت لەو ساتەدا لە شوێنێکی باشتردایە. وا نییە کە کاتم هەبێت بیر بکەمەوە کە ئەوە کێیە. یان دەموچاوی ئەو هاوتیپەی تەنیشتم کێیە، نەخێر. پێم وایە ئێمە هەموو شتێک بە ویستەوە ئەنجام دەدەین، هەموو شتێک لە چەند هەزارەیەکی چرکەدا روودەدات، کاتی ئەوە نییە بیر لەو شتانە بکەیتەوە. بێگومان کریستیانۆ لێرەیە بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت، رێک وەک هەر یاریزانێکی دیکەی ناو هەڵبژاردەی نیشتمانی."
کۆنسێساو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "کریستیانۆ نموونەیەکی باڵایە بەهۆی ئەوەی لە کاروانی وەرزشیدا ئەنجامی داوە، هەروەها بەهۆی ئەو تینوێتی و برسیێتییەی کە هەموو رۆژێک نیشانی دەدات؛ ئێستا لە تەمەنی 41 ساڵیدا، ئەو هێشتا تینووە بۆ بردنەوە لە هەموو رۆژێکدا و زۆر بە پەرۆشەوە مەشق دەکات وەک ئەوەی دوایین یەکەی مەشقی بێت."
فرانسیسکۆ زیاتر قسەیکرد و گوتی "بۆ من، بۆ نەوەی نوێ و بۆ هەموو ئەوانەشمان کە لێرەین، ئەو نموونەیە؛ چونکە ئەگەر ئەو هەموو نازناو و سەرکەوتنەی بەدەستهێنابێت و هێشتا بەو تینوێتییەوە بەردەوام بێت، کەواتە ئەو تینوێتییەی کە دەبێت لای ئێمە هەبێت بۆ ئەوەی بەشێکی بچووک لەو شتانە بەدەستبهێنین کە ئەو بەدەستی هێناوە، دەبێت زۆر لەوەش گەورەتر بێت. ئەو بەهۆی ئەمانەوە نموونەیە، هەروەها بەهۆی سەرکردایەتیکردنەکەی و ئەو گۆڵانەی تۆماریان دەکات. ئەویش یەکێکە لە ئەندامانی تیپەکە و لێرەیە بۆ ئەوەی یارمەتیمان بدات، و پێم وایە ئێمە پێویستمان بە هەموو تواناکانی تاکەکانە بۆ ئەوەی کارە بەکۆمەڵەکەمان سەرکەوتوو بێت."
یاریزانە پۆرتوگالییەکە لەکاتێکدا ئەم قسانەی کردووە کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوای یەکسانبوونی پۆرتوگال لەگەڵ کۆنگۆ مشتومڕی زۆر دروستبوون و جواو نێڤێس، یاریزانی هەڵبژاردەکە گوتی "رۆناڵدۆ وەکو ئێمەیە و لێرەیە بۆ ئەوەی هاوکاریی هەڵبژاردەکە بکات، هیچ شتێکی زیاتر نییە".




