رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی پڕ لە رووداوی چاوەڕواننەکراودا، هەڵبژاردەی فەرەنسا توانی بە سێ گۆڵی بێوەڵام لە هەڵبژاردەی عێراق بباتەوە و بە فەرمی بگاتە قۆناخی 32ـی
مۆندیالی 2026، لە یارییەکدا کە سروشت بووە بەشێک لە سیناریۆکەی.
یارییەکە کە لە فیلادیلفیا بەڕێوەچوو، تەنیا ململانێی نێو یاریگە نەبوو، بەڵکو لە کۆتایی گێمی یەکەمدا رەشەباییەکی تووندی هەورەبروسکە یاریگەکەی گرتەوە. ئەمەش وایکرد لیژنەی رێکخەر بۆ پاراستنی گیانی یاریزانان و هاندەران، بۆ ماوەی 2 کاژێر و 12 خولەک یارییەکە رابگرێت و پەیژەکان چۆڵ بکات، تاوەکو دوای هێوربوونەوەی کەشوهەوا جارێکی دیکە یارییەکە دەستیپێکردەوە.
لە نێو یاریگەدا، 'کەڵەشێرەکان' هەر لە سەرەتاوە باڵادەستی خۆیان پێشاندا. کیلیان ئێمباپێ لە خولەکی 14دا بە لێدانێکی بەهێز بە پێی چەپ گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد و پێشکەوتن . دوای وەستانە درێژخایەنەکەی بەهۆی هەورەبروسکە و باران، ئێمباپێ جارێکی دیکە لە خولەکی 54دا گەڕایەوە و گۆڵی دووەمی خۆی تۆمارکرد، ئەمەش دوای هەڵەیەکی بەرگریی عێراق.
فەرەنسییەکان لە هێرشەکانیان بەردەوام بوون و لە خولەکی 66دا عوسمان دیمبێلێ بە پاسێکی جوان لە مایکڵ ئۆلیسێوە، گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد و ئەرکی عێراقییەکانی تەواو قورس کرد. ئەگەرچی عەلی حەمادی لە خولەکی 75دا هەلێکی زێڕینی بۆ عێراق بۆ رەخسا، بەڵام لێدانەکەی بە تەنیشت ستوونەکەدا رۆیشت و نەیتوانی ئەنجامەکە بگۆڕێت.
بەم بردنەوەیە فەرەنسا بە 6 خاڵ، سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 32 مسۆگەر کرد. لە بەرامبەردا، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر یاریی داهاتووی عێراقە بەرامبەر
سەنیگال، کە تێیدا عێراق پێویستیان بە بردنەوە هەیە بۆ ئەوەی خەونی مانەوە لە مۆندیال بە زیندوویی بهێڵنەوە.




