رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەری فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا)، ستایشی ئاستی بەرزی دێنیز ئونداڤ، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکات.
فیفا لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی راپۆرتێکی لەبارەی ئونداڤەوە کردووە و دەڵێت " ئونداڤ یەدەگێکی سوپەرە، شتێک بۆ ئەڵمانیا هێناوە کە لە مۆندیالەکانی 2018 و 2022 نەیانبوو و لە قۆناخی یەکەم کرانە دەرەوە، ئێستا پرسیاری هەمووان ئەوەیە ئایا ئونداڤ ناچاریان دەکات لە یاریی سێیەمدا بەشێوەی سەرەکی یاریی بکات یان نایگێلسمان هەر لەسەر کورسیی یەدەگ دایدەنێت".
فیفا نووسیوویەتی "زۆر هۆکار هەن بۆ ئەوەی ئونداڤ شایستەی پێکهاتەی سەرەکی بێت، تۆمارکردنی سێ گۆڵ لە دوو یاریی مۆندیالدا، تۆمارکردنی 9 گۆڵ لە 11 یارییدا بۆ ئەڵمانیا بەشێکی ئەو هۆکارانەن. بەڵام هۆکارێکی بەهێزیش هەیە بۆ ئەوەی دیسان وەک یەدەگ دەست پێ بکات. نایگێلسمان هەمیشە جەخت دەکاتەوە کە "رۆڵی دیاریکراو"ی بۆ هەموو یاریزانەکانی داناوە و ئونداڤیش زۆر بە باشی لە رۆڵی یەدەگی کاریگەردا جێگیر بووە.
ماڵپەری فیفا دەڵێت "ئونداڤ کوڕی دایک و باوکێکی کوردە، وەرزی رابردوو 25 گۆڵی لە 46 یاری فەرمیدا بۆ شتوتگارت تۆمار کرد، لەگەڵ 14 ئەسیست. گەورەترین دەستکەوتی لەگەڵ ئەو یانەیە بردنەوەی جامی ئەڵمانیای 2025 بوو."
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان دەڵێت " رەنگە هێشتا کات مابێت بۆ ئەوەی ئونداڤ ئاهەنگی سەرکەوتن لە پاڵەوانێتییەکی گەورەتردا بگێڕێت. ئەو لە 19ی 7 کە رێک رۆژی یاری کۆتایی مۆندیالە دەبێتە 30 ساڵ؛ چ دیارییەک لەوە باشتر دەبێت کە ناوی خۆی لە یاریگای "نیویۆرک نیوجێرسی"دا لە دەمی هاندەرانی ئەڵمانیاوە ببیستێت؟
ئونداڤ لە ماوەیەکی کەمدا بووەتە یاریزانی دڵخوازی هاندەرانی ئەڵمانیا، رێک وەک لوکاس پۆدۆلسکی لە رابردوودا. لە چاوپێکەوتنەکاندا هەمیشە راشکاو، ئارام و راستگۆیە. ئەو خۆی و تۆپی پێ زۆر بە جدی و بە قورسی وەرناگرێت؛ تەنیا دەیەوێت بچێتە ناو یاریگا، یاری بکات و گۆڵ تۆمار بکات.
ئونداڤ لە مۆندیالدا دوو یاریی وەکو یاریزانی یەدەگ ئەنجامداوە، لەو دوو یارییەدا سێ گۆڵی تۆمارکردووە و دوو ئەسیستی کردووە، ئێستا یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی مۆندیالە.




