رووداو دیجیتاڵ
گاستۆن ئیدۆل، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی ئەرجەنتینی باس لە ئەگەرەکانی قۆناخی 32ـی مۆندیال بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەکات، کە هێشتا دیار نییە لەو قۆناخەدا تانگۆ رووبەڕووی کام هەڵبژاردە دەبێتەوە.
ئەو رۆژنامەڤانە، دەڵێت "ئەرجەنتین چاوەڕێی رکابەرەکەی دەکات لە قۆناخی 32 لە کۆمەڵەی هەشتەم، کە هەڵبژاردەکانی ئیسپانیا، ئۆرۆگوای، کابۆ ڤێردی و سعودیە لەخۆدەگرێت".
ئەو بەمشێوەیە شرۆڤەی دۆخەکە دەکات؛ کەمترین ئەگەری رووبەڕووبوونەوە بۆ ئەرجەنتین، هەڵبژاردەی ئۆرۆگوایە.
دوا یارییەکانی کۆمەڵەکە بەمشێوەیە دەبن: ئیسپانیا بەرامبەر ئۆرۆگوای.. کابۆ ڤێردی بەرامبەر سعودیە.
🔹 ئەگەر ئیسپانیا و کابۆ ڤێردی بیبەنەوە؛ رووبەڕووبوونەوەکە دەبێتە: ئەرجەنتین بەرامبەر کابۆ ڤێردی.
🔹 ئەگەر ئیسپانیا و سعودیە بیبەنەوە؛ رووبەڕووبوونەوەکە دەبێتە: ئەرجەنتین بەرامبەر سعودیە.
🔹 ئەگەر ئیسپانیا بباتەوە و یاریی نێوان کابۆ ڤێردی و سعودیە بەیەکسانبوون کۆتایی بێت؛ رووبەڕووبوونەوەکە دەبێتە: ئەرجەنتین بەرامبەر کابۆ ڤێردی.
🔹 ئەگەر ئۆرۆگوای و ئیسپانیا یەکسان بن؛ ئەرجەنتین رووبەڕووی براوەی یارییەکەی دیکەی کۆمەڵەکە دەبێتەوە؛ خۆ ئەگەر ئەو یارییەش بەیەکسانبوون کۆتایی بێت، ئەوا رووبەڕووی ئەو تیپە دەبێتەوە کە باشترین جیاوازی گۆڵی هەیە لەنێوان ئۆرۆگوای و کابۆ ڤێردیدا.
❌ ئەرجەنتین ناتوانێت رووبەڕووی ئیسپانیا ببێتەوە مەگەر لە حاڵەتێکدا؛ ئەگەر ئۆرۆگوای لە ئیسپانیا بباتەوە و لە یارییەکەی دیکەشدا ئەنجامەکە یەکسانبوون بێت یان سعودیە بباتەوە.




