رووداو دیجیتاڵ
میدیاکانی ئۆرۆگوای باس لەوە دەکەن کە لە مۆندیالدا کێشە کەوتووەتە نێو ژووری جلگۆڕینی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای و بەدیاریکراوی لەنێوان کۆمەڵێک یاریزان و مارسێلۆ بێلسای راهێنەری ئەرجەنتینی ئەو هەڵبژاردەیە.
میدیاکانی ئەو وڵاتە لاتینە باس لەو تەنگژەیە دەکەین کە راهێنەر مارسێلۆ بێلسای ئەرجەنتینی لەگەڵ هەندێک یاریزانانی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای تێیکەوتووە، پێش رووبەڕووبوونەوە گرنگ و چاوەڕوانکراوەکەیان بەرامبەر ئیسپانیا لە مۆندیالدا، کە ئەگەر نەیبەنەوە یان لانیکەم یەکسان نەبن لە مۆندیال دەردەکرێن.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، هەر یەکە لە مانوێل ئۆگارتی، رۆدریگۆ بێنتانکۆر و فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی داوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بێلسیای راهێنەر کردووە و پێیان راگەیاندووە کە چیدی ناتوانن بەرگەی شێواز و قورسیی مەشقەکان بگرن. ئاماژەیان بەوە کردووە کە گوشاری یارییەکان و مەشقەکان زۆر گەورەیە، تەنانەت هەندێک یاریزان بەو هۆیەوە تووشی پێکان بوون.
هەروەها یاریزانەکان لایەنێکی تهكتیكییان هێناوەتە ئاراوە و داوایان کردووە لە یارییەکەی بەرامبەر ئیسپانیا بەشێوازی 'بەرگریی نزم' و پشتبەستن بە هێرشی هەڵگەڕاوە یاری بکەن.
لە لای خۆیەوە، راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە تەواوی ئەندامانی هەڵبژاردەکەی کۆکردووەتەوە و بۆ ماوەی 48 خولەک قسەی بۆ کردن، تێیدا روانگەی خۆی بۆ زۆر لە بابەتەکان روونکردووەتەوە.
لەنێو ئەو قسانەی کە بێلسا کردوویەتی "ئێوە پێشتریش هەوڵتان دا من دووربخەنەوە کاتێک کێشەکەی لویس سوارێز روویدا، هەروەها دوای کێشەکەی ناهیتان ناندێزیش کۆبوونەوە و هەوڵتان دا دوورم بخەنەوە، سەرەڕای ئەوەی بەشداربووم لە گەشەپێدانی
کاروانی وەرزشیی هەندێک یاریزان لێرە لە هەڵبژاردەکە، وەک کاسێریس و ماکسی ئاراوخۆ.
بێلسای روونی کردووەتەوە کە بەنیازی یاریکردنە بەرامبەر ئیسپانیا بە هەمان شێوازی تهكتیكی خۆی، ئەمەش بەهیچ شێوەیەک بە دڵی
یاریزانەکان نەبووە.
هەروەها پێیگوتوون "دان بەوەدا دەنێم کە چەند یاریزانێکی پێکراوم بۆ مۆندیال بانگهێشت کردووە، بەڵام ئەوان بۆ من دڵسۆز بوون، بۆیە هێنامن بۆ پاڵەوانێتییەکە".
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، دوای زیاتر لە 40 خولەک لە قسەکانی راهێنەر، کە لە کاتی قسەکردندا سەیری خوارەوەی
دەکرد، هەندێک لە یاریزانانی ئۆرۆگوای کۆبوونەوەکەیان جێهێشت، سەرەڕای ئەوەی خۆسێ ماریا خیمێنێز هەوڵیدا بڕوایان پێ بکات بمێننەوە.
هەرچی سەبارەت بە رۆناڵد ئاراوخۆیە، کە تاوەکو ئێستا هیچ خولەکێک لە مۆندیالدا بەشداری نەکردووە، بێلسا گوتی "هیوادارم سەربکەوین بۆ قۆناخی داهاتوو، بەڵام ئەم بارودۆخە چیدی بەرگەی ناگیرێت".




