رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین سێیەم یاریی لە مۆندیالدا ئەنجامدەدات و بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە بەرامبەر ئوردن یاریی دەکات و ئەگەری هەیە لیۆنێل مێسی پشوو وەربگرێت.
ئەرجەنتین دوای دوو بردنەوەی لەسەریەک بەرامبەر جەزائیر و نەمسا، سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتووی مۆندیال یەکلاکردەوە و پلەی یەکەمی ریزبەندی دەیەمی لە بەرژەوەندی خۆی مسۆگەرکردووە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان و بەپێی قسەی لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەکە، مێسی لە سەرەتای یارییەکەوە یەدەگ دەبێت و دوای ئەوە دەکرێت چەند خولەکێک بەشداری لە یارییەکەدا بکات، بەمەش هەلێکی کەمتری دەبێت بۆ ئەوەی ژمارەی گۆڵەکانی لە مۆندیالدا زیاتر بکات.
ئوردن ماڵئاوایی لە مۆندیال کردووە و هەردوو یارییەکەی رابردووی لە مۆندیالدا دۆڕاندووە، بۆیە جگە لەوەی شانازی ئەوەیان بەردەکەوێت بەرامبەر پاڵەوانی جیهان یاریی بکەن، هیچ گرنگییەکی دیکەی نییە.
جگە لە مێسی چاوەڕواندەکرێت سکالۆنی پشوو بە چەند یاریزانێکی دیکەش بدات، بۆ ئەوەی زۆربەباشی بۆ قۆناخی داهاتووی مۆندیال ئامادەبن.
ئەرجەنتین لە قۆناخی 32ـی مۆندیال بەرامبەر هەڵبژاردەی کابۆ ڤێردێ یاریی دەکات و لەسەر کاخەز ئەرکی هەڵبژاردەکە تاڕادەیەک ئاسانە.




