رووداو دیجیتاڵ
رۆزبە جەشمی، بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئێران، هێرشێکی تووندی کردە سەر رێوشوێن و دۆخی کارگێڕیی و لۆجستی شاندی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە مۆندیال، وایداناوە کە ئاڵۆز و قورسە، ئەمەش پاشئەوەی هەڵبژاردەی ئێران لە دوایین یاریی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکان، بەگۆڵێک لەگەڵ میسر یەکسانبوو.
جەشمی دەڵێ، هەڵبژاردەی ئێران لە گۆشەگیرییەکی تەواودا دەژی، بچووکترین پشتگیریی نییە، لە نەبوونی میدیای وڵاتەکە لەگەڵ شاندەکە، تاوەکو نەبوونی هاوئاهەنگیکارانی میدیایی و نەبوونی بەرپرس لە دابینکردنی پێداویستییەکان، ئەمە جیا لە رێگەنەدان بەبوونی سەرۆک و ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەکە.
یاریزانە ئێرانییەکە دەڵێ، ئەو تەنگژانە، "یاریزانانی خستووەتە ژێر گوشارێکی دەروونیی تۆقێنەر، وایکردووە شیاندنەوەی دەروونی و جەستەیی یاریزانان دوای یارییەکان، مەحاڵ بێت، فیفاش لە بەڵێنەکانی خۆی پاشگەزبووەتەوە".
ئەو دەڵێ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا بەڵێنی کەسیی دابوو بە شاندی هەڵبژاردەکە هەموو تەگەرەکان لاببات، بەڵام "تاوەکو ئێستا هیچ کام لە بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە".
جەشمی دەڵێ، وێڕای ئەو بارودۆخانە، پاڵنەری یەکەمی یاریزانان، "جەنگانە لەپێناو دڵخۆشکردنی خەڵکی ئێران و زەردەخەنە خستنە سەرلێویانە". دووپاتیدەکاتەوە کە بەشداریکردنیان لە مۆندیال، "لەناوەڕۆکدا پەیامێکی ئاشتییە و ئاراستەی نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە و هەموو جیهانی دەکەن، وێڕای نەبوونی سەقامگیری و دڵنیایی لە چواردەوری هەڵبژاردەکە".
بەرگریکارەکەی ئێران زیاتر دەڵێ، ئاستی ئازایانە و جەنگانی نەوەت خولەکی یاریزانانی هەڵبژاردەکە بەرامبەر میسر، جێگای پێزانینە، ئەگەرچی تەنگژە کارگێڕییەکان و نەبوونی ئامادەکاریی پێویست، تیپەکەی لە توانای بردنەوە بێبەشکردووە.
جەشمی هەروەها هیوای خواستووە کە ئەنجامی هەڵبژاردەکانی دیکە لە یارییەکانی ئەمڕۆیاندا، بەشێوەیەک بێت ئێران بگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
ئەو یاریزانە ئێرانییە زیاتر دەڵێ، ئەگەر لە مۆندیالیش بچینە دەرەوە، شانازی بە هەڵبژاردەکەمانەوە دەکەین.




