رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی مەغریب مێژووییەکی گەورەی تۆمارکرد و هەڵبژاردەی هۆڵەندای لە مۆندیالی 2026 دوورخستەوە.
لە قۆناخی 32ـی مۆندیالدا، مەغریب و هۆڵەندا بەرەبەیانی ئەمڕۆ رووبەڕووی یەکبوونەوە، مەغریب یارییەکەی بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتوو.
سەرەتا لە خولەکی 72 کۆدی گاکپۆ گۆڵێکی بۆ هۆڵەندا تۆمارکرد و تیپەکە پێشکەوت، بەڵام لە خولەکی یەکەمی کاتی زیادکراودا مەغریب بەلێدانی سەر لە رێگەی عیسا دیۆپەوە ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
یارییەکە چووە کاتی زیادکراو و ئەنجامە هیچ گۆڕانکارییەکی بەخۆیەوە نەبینی، هەردوو تیپ پەنایان بردە بەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوە.
مەغریب بە 3 لێدان بەرامبەر 2 لێدان یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە، گەیشتە قۆناخی شازدەی مۆندیال، ئەمە جاری سێیەمە لە مێژوویدا و دووەمجارە لەسەریەک مەغریب ئەمە دەکات.
هەڵبژاردەی مەغریب بووە یەکەم هەڵبژاردە لە مێژوودا 40 یاریی لەسەریەکە نەدۆڕاوە.
لە مۆندیالی 2022ـەوە تاوەکو ئێستا مەغریب، ئیسپانیای لە مۆندیال دوورخستووەتەوە، پۆرتوگالی دوورخستووەتەوە و ئەمجارەش هۆڵەندای دوورخستەوە.
هەڵبژاردەی مەغریب لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر کەنەدا یاریی دەکات.
محەممەد وەهبی، راهێنەری هەڵبژاردەی مەغریب لە دوای یارییەکە گوتی "پێویستە باوەڕمان بە خۆمان هەبێت، ئەوە کردارەکانمان کە گرنگن، ئەوەی رۆژانە بەرهەمی دەهێنین، ئەوەی لە مەشقەکان و لە یاریگادا دەیکەین ئەوەیە جیاوازی دروستدەکات، بەڵام پێکهاتەی ئێمە لە مۆندیالی 2022 بیرکردنەوەی ئێمەشی گۆڕی. ئێمە توانیمان لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوان مۆندیال ببەینەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو یاریزانانەوە بوو کە گەشتە درێژەکەیان بەرەو قەتەر بڕی، ئێستا ماوەی چەند ساڵێکە مەغریب و یاریزانەکانی باوەڕێکی زیاتریان بەخۆیان هەیە."
وەهبی دەڵێت "ئێستا مەغریب رێزی هەمووانی بەدەستهێناوە. ئەمەش نەک بەهۆی ئەوەی گوتوومانە، بەڵکو ئێستا بە کردەوە پیشانمان داوە. زۆر لایەنی ئەرێنی هەن؛ یاریزانە لاوەکان و یاریزانە بە ئەزموونەکان دەبینین؛ ئێمە لە هەموو ئاستە تەمەنییەکاندا تیپمان هەیە کە خاوەن کوالیتییەکی بەرزن. بەوپەڕی رێزەوە بۆ هەموو راهێنەرەکان، بەڵام ڕاستی ئەوەیە چاوەڕێم نەدەکرد ئەوەندە پاشەکشە بکەن بۆ بەرگری و بچنە دواوە، چونکە هۆڵەندا تیپێکە حەزی لە هێشتنەوەی تۆپە و دەزانێت چۆن یاری بە تۆپ بکات. ئەوان زۆر بەهێزن، بەڵام من بە رێزەوە سەیری دەکەم، بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی مەغریب لە چەند ساڵی رابردوودا، هیوادارم خودا یارمەتیمان بدات ئەم سەرکەوتنانە بەردەوام بن و کۆتایییان نەیەت."
لەبارەی پاڵپشتیی مەکسیکییەکان لە هەڵبژاردەی مەغریب لە یارییەکەدا، محەممەد وەهبی گوتی "مۆندیالی داهاتوو لە مەغریب بەڕێوەدەچێت و گەلی مەغریب ئەو چاکەیە بۆ هاندەرانی مەکسیک دەگەڕێننەوە کە ئەمڕۆ بەرامبەر ئێمە کردیان."




