رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی نەرویج دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخێکی دیکەی مۆندیال بکات، کاتێک بەرامبەر کۆتدیڤوار یاریی دەکات.
یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە لە دالاس کاژێر 20:00 بەڕێوەدەچێت، نەرویج بەسەرکردایەتیی ئێرلینگ هالاند، دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و بگاتە قۆناخی شازدەی مۆندیال.
دوای ساڵی 1998 نەرویج یەکەمجارە بگاتە ئەم قۆناخەی مۆندیال و دەیەوێت مێژووییەکی نوێ بە ناوی خۆیەوە تۆماربکات.
سوورپۆشەکان لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە دوو بردنەوە و دۆڕانێک وەکو خاوەنی پلەی دووەم سەرکەوتن، ئێرلینگ هالاند لە یاریی بەرامبەر فەرەنسا یاریی نەکرد، بەڵام لە دوو یارییدا چوار گۆڵی تۆمارکرد و چەکی تیپەکەیە بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو.
لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکەیان بەرامبەر کۆتدیڤوار لە قۆناخی داهاتوودا، ئێرلینگ هالاند رکابەریی ڤینیسیۆس جونیۆر دەکات و نەرویج و بەرازیل رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار بۆ یارییەکەی بەرامبەر نەرویج ئامادەیە و دەیەوێت بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بگاتە قۆناخی 16ـی مۆندیال.
هەڵبژاردەکە لە دالاس دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و هەر لەوێش رووبەڕووی نەرویج دەبێتەوە، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
کۆتدیڤوار لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە بردنەوە لە ئیکوادۆر چووە نێو رکابەرییەکان، دوای ئەوە بەرامبەر ئەڵمانیا دۆڕا و پاشان لە کۆراساوی بردەوە، تیپەکە بە دووەمی کۆمەڵەی پێنجەم گەیشتە ئەم قۆناخەی مۆندیال.
هەڵبژاردەکە چوارەمجارە بەشداری لە مۆندیالدا دەکات، یەکەمجارە بگاتە ئەم قۆناخە و دەیەوێت بۆ یەکەمجاریش بگاتە قۆناخی 16، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە.




