رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بەدوای بردنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت و دەیەوێت لە ریزی تیپە گەورەکانی جیهاندا بمێنێتەوە و بگاتە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
ئەمڕۆ ئێوارە لە ئاتڵانتا، کاژێر 19:00 ئینگلتەرا لە قۆناخی 32ـی مۆندیالدا بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆماری کۆنگۆ یاریی دەکات و بەدوای بردنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت. ئینگلتەرا لە کانساس دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و تیپەکەی تۆماس تۆخێل بۆ رکابەرییەکە ئامادەیە.
ئینگلتەرا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە دوو بردنەوە یەکسانبوونێک 7 خاڵی کۆکردەوە و وەکو یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی گەیشتە ئەم قۆناخە، ئەمڕۆ قۆناخی یەکلاکردنەوەی بۆ تیپەکە دەستپێدەکات و هاندەران چاوەڕێی بردنەوەیەکی دیکەی تیپەکەیان دەکەن.
هاری کەین، گۆڵکار و ئەستێرەی یەکەمی تیپەکەیە، لەم مۆندیالەدا 3 گۆڵی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا کردووە و دەیەوێت بە گۆڵەکانی هاوکاریی تیپەکە بکات بۆ پەڕینەوە بەرەو قۆناخی داهاتوو.
جگە لە ریس جەیمس کە پێشتر دوورخستنەوەی بەهۆی پێکانەوە راگەیێنراوە، هەموو پێکهاتەی سێ شێرەکان بۆ ئەم یارییە ئامادەیە.
ئینگلتەرا لە ئەگەری بردنەوەی ئەم یارییە لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر هەڵبژاردەی مەکسیک یاریی دەکات.
هەڵبژاردەی کۆنگۆ بەدوای ئەنجامێکی سەرنجڕاکێشدا دەگەڕێت کاتێک بەرامبەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا یاریی دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی شازدیە مۆندیال.
کۆنگۆی دیموکرات یەکەمجارە لە مێژوویدا دەگاتە قۆناخی کرانە دەرەوەی مۆندیال و دەیەوێت سوود لەو هەلە مێژووییەی وەربگرێت، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
هەڵبژاردەکە لە یەکەم دەرکەوتنیدا لەم مۆندیالەدا هەمووانی بە یەکسانبوون لەگەڵ پۆرتوگال سەرسامکرد، دوای ئەوە لەگەڵ کۆڵۆمبیا دۆڕان و پاشانیش بەبردنەوە لە ئۆزبەکستان وەکو یەکێک لە باشترین سێیەکەمان گەیشتنە ئەم قۆناخەی مۆندیال.
هەڵبژاردەی کۆنگۆ بە پڵنگەکان ناسراون ئەوان بەرامبەر سێ شێرەکان یاریی دەکەن، بەشێکی یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە لە پرێمەرلیگ و خولەکانی ئینگلتەرا یاریی دەکەن، بەتایبەت وان بیساکا و یوان ویسا، کە لە وێستهام و نیوکاسڵ یاریی دەکەن و دەکرێت رۆڵیان هەبێت لە هاوکاریکردنی تیپەکەیان بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی ئەرێنی و لەبیرنەکراو.




