رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرە و گۆڵکاری فەرەنسا، دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر سوێد دوو گۆڵی تۆمارکرد و گۆڵەکانی لەم مۆندیالەدا لەگەڵ مێسی یەکسانکردەوە گوتی "گرنگی بە ئامار نادەم و تەنیا بەلامەوە گرنگە هاوکاریی تیپەکەم بکەم".
ئێمباپێ دوای یارییەکە گوتی "گەیشتینە قۆناخێکی نوێ لە پاڵەوانێتییەکەدا. دەمانزانی ئەمە سەرەتای قۆناخێکی نوێی رکابەرییەکانە، کە قۆناخی کرانە دەرەوەیە. بۆیە بێگومان باشە کە ئاوا دەست پێ بکەین."
لەبارەی ئەوەی بەتەنیا ئەو کارەی کردووە کیلیان گوتی "نەخێر، تەنیا من نیم. پێموایە هەموو تیپەکە لەگەڵیدا بوون و ئەوە گرنگە. هەندێک شت هەن کە لە مۆندیال گرنگترن، لە تۆپی پێ گرنگترن. بەڵام وەک گوتم، ئەمە 'دی ئێن ئەی ئەم پێکهاتەیەیە؛ ئەوەی هەموومان پێکەوە بین و بە راستی یەکگرتوو بین. ئێمە هەموومان لە پشت راهێنەرین. هەرچییەک رووبدات، یان هەرچییەک بێتە پێش، ئێمە هەموومان پشتگیری دەکەین."
ئێمباپێ دووپاتیدەکاتەوە ئامانجی ئەوەیە بگاتە یاریی کۆتایی و دەڵێت "وەک پێشتریش گوتم، ئەوەیە تا دوورترین شوێن بڕۆین. بگەینە یاری 19-7، بگەڕێینەوە ئێرە و هەوڵی بردنەوە بدەین. ئێمە هەنگاو بە هەنگاو دەڕۆین. بێگومان، هەرچەندە گۆڵی زیاتر تۆمار بکەیت، لە ریزبەندییەکەدا زیاتر سەر دەکەویت؛ پێم وانییە شتێکی نوێ بە کەس بڵێم. بەڵام لەوەش زیاتر، من دڵنیام کە لیۆ گۆڵی زیاتر تۆمار دەکات. بۆیە من زۆر بایەخ بەوە نادەم. زیاتر سەرنجم لەسەر ئەو رکابەرانەیە کە رەنگە رووبەڕوویان ببینەوە، ئەوەی چەندە لە ئامانجەکەمان نزیک دەبینەوە کە یاری کۆتایییە."
لەبارەی ئامار و ریکۆردە تاکەکەسییەکانەوە کیلیان ئێمباپێ گوتی "من بیری لێ ناکەمەوە. بێگومان ئاگاداری ئامارەکانم، هەمووان باسیان دەکەن و منیش تەماشای تەلەفزیۆن دەکەم. بەڵام من تەنیا بیر لەوە دەکەمەوە چۆن یارمەتی تیپەکەم بدەم بگەینە یاری کۆتایی. ئەمە ساتێکی گەورەیە، دەزانم مۆندیال چەندە بۆ وڵاتێک گرنگە؛ هەمیشە گوتوومە ئامانجم ئەوەیە مێژوو بۆ وڵاتەکەم بنووسمەوە. پێشتر جارێک کردوومە، لە قەتەریش زۆر نزیک بوومەوە لەوەی بیکەم، ئێستاش دەرفەتێکی دیکەم هەیە. هەموو هەوڵێکی خۆم دەدەم بۆ ئەوەی هەموو گەلی فەرەنسا بە تیپەکەمان و بە پێکهاتەکەمان سەربەرز بکەم، تاوەکو بتوانین لە مێژووی وڵاتەکەماندا ناومان تۆمار بکەین."
ئێمباپێ، تاوەکو ئێستا لە چوار یاریی مۆندیالدا 6 گۆڵ و 2 ئەسیستی کردووە، دووەم گۆڵکاری مێژووی مۆندیالە و 18 گۆڵی لە مۆندیالدا تۆمارکردووە.




