رووداو دیجیتاڵ
شۆڕشێکی شاهانە بەسەرپەرشتی فلۆرێنتینۆ پیرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دەستیپێکردووە و ئەو یانەیە تاوەکو ئێستا 13 گرێبەستی کردووە.
سەرکەوتنی فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ ویلایەتێکی نوێی سەرۆکایەتی ریال مەدرید تاوەکو ساڵی 2030، وەک زەنگی دەستپێکی شۆڕشێکی گەورە لەناو قەڵای سانتیاگۆ بێرنابیۆ دادەنرێت.
پێرێز لە هەڵبژاردنەکانی ریال مەدرید کە لە 7ـی حوزەیرانی رابردوو بەڕێوەچوو، بەڕێژەی 65٪ـی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە ئێنریکی ریکێلمی رکابەری بردەوە. لەو کاتەوە، بەگوێرەی رۆژنامەی مارکا، ریال مەدرید 13 گۆڕانکاری و گرێبەستی ئەنجامداوە (لە نێوان یاریزانی نوێ، یاریزانی رۆیشتوو و یاریزانی ئەکادیمیا)، بەمەش مانگی حوزەیران بووە مانگێکی تەواو شاهانە.
گۆڕانکاری لە ستافی راهێنەرایەتی
ئالڤارۆ ئەربێلوا یەکەم قوربانی ئەم قۆناخە بوو؛ راهێنەری پێشووی کاستیا، کە لە ناوەڕاستی وەرزدا بۆ کوژاندنەوەی ئاگری کێشەکان ئەرکی تیپی یەکەمی پێسپێردرا، بەبێ ئەوەی دەرفەتی سەرکەوتنی لە خول یان چامپیۆنزلیگ هەبێت، پۆستەکەی جێهێشت.
لە 11ـی حوزەیراندا، جۆزێ مۆرینیۆ بەفەرمی وەک راهێنەری نوێ راگەیێندرا، دوای ئەوەی گرێبەستێکی بۆ ماوەی 3 ساڵ (تاوەکو حوزەیرانی 2029) واژۆکرد. ریال مەدرید بڕی 15 ملیۆن یۆرۆی وەک مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بە یانەی بێنفیکا دا. مۆرینیۆ کە لەنێوان 20100 بۆ 2013 هەموو نازناوێکی ناوخۆیی لەگەڵ مەدرید بردبووەوە، ئێستا ئەرکی رێکخستنەوەی ژووری جلگۆڕین و بەڕێوەبردنی گۆڕانکارییەکانی پێسپێردراوە.
ماڵئاواییە خەمناکەکان
پێش دەستپێکی حوزەیران، مانگی ئایار وەرزی ماڵئاوایی بوو. جەماوەری بێرنابیۆ ماڵئاواییان لە دانی کارڤاخال و دەیڤید ئالابا کرد، کە گرێبەستەکانیان لە 30ـی حوزەیران کۆتایی هات. کارڤاخال وەک دووەم یاریزان کە زۆرترین نازناوی لە مێژووی یانەکەدا بردووەتەوە (27 نازناو) رۆیشت. ئالاباش کە دوای پێکانە سەختەکەی ساڵی 2023 نەگەڕایەوە ئاستی جارانی، بە 11 نازناوەوە ماڵئاوایی کرد. هەروەها دانی سێبایۆسیش کە لە پلانەکانی مۆرینیۆدا نەبوو، رێگەی پێدرا بەخۆڕایی یانەکە جێبهێڵێت.
دەموچاوە نوێیەکان
جۆزێ مۆرینیۆ هەر زوو جێپەنجەی خۆی بە کڕینی یاریزانی خاوەن جەستەیەکی بەهێز و ئەزموون دیاری کرد:
1 - ئیبراهیما کۆناتی: بەرگریکاری لیڤەرپوول، بە گرێبەستێکی ئازاد و تاوەکو ساڵی 2030 گوازرایەوە.
2 - دێنزڵ دومفرێس: باڵی راستی ئینتەرمیلان، بەبڕی 20 ملیۆن یۆرۆ (مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی) کڕدرا.
3 - بێرناردۆ سێلڤا: ئەستێرەکەی مانچێستەر سیتی، لە 17ـی حوزەیران بە گرێبەستێکی ئازاد تاوەکو ساڵی 2028 پەیوەندی بە مەدریدەوە کرد، لە کێبڕکێیەکدا کە تێیدا مەدرید لە بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدریدی بردەوە.
4 - مارک کوکورێیا: لە چێڵسییەوە بەبڕی 60 ملیۆن یۆرۆ و تاوەکو ساڵی 2032 گوازرایەوە.
5 - ئێندریک: یاریزانە تەمەن 19 ساڵانەکە لە خواستنەکەی لە یانەی لیۆن گەڕایەوە و مۆرینیۆ بڕیاری دا لە پێکهاتەی سەرەکیدا بیهێڵێتەوە.
قازانجی دارایی لە لا فابریکا
ئەکادیمیای یانەکە رۆڵێکی گەورەی لە دابینکردنی پارەدا بینی:
* ماریۆ مارتین: چووە خیتافی؛ ریال مەدرید3.5 ملیۆن یۆرۆی وەرگرت لە بەرامبەر 50٪ـی مافەکانی.
* ڤیکتۆر مۆنیۆز: بەمەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کە 40 ملیۆن یۆرۆ بوو چووە لیڤەرپوول، ریال مەدرید 20 ملیۆن یۆرۆی لەو پارەیە بەرکەوت.
* نیکۆ پاز: بووە دووەم گرانترین یاریزانی دەرچووی ئەکادیمیا لەمێژوودا (دوای مۆراتا)؛ ریال مەدرید 50٪ـی مافەکانی بە 60 ملیۆن یۆرۆ بە یانەی کۆمۆ فرۆشت، بەڵام مافی کڕینەوەی بە 80 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵی 2027 بۆ خۆی پاراست.
بە فرۆشتنی نیکۆ پاز و ڤیکتۆر مۆنیۆز، یانەکە نزیکەی 80 ملیۆن یۆرۆ قازانجی کرد لەو یاریزانانەی کە چاوەڕوان دەکرا رۆڵێکی سەرەکییان لە تیپەکەدا نەبێت. بەم شێوەیە 'لا فابریکا' جارێکی دیکە بووە سەرچاوەی سەرەکی داهات پێش دەسپێکردنی وەرزێکی چارەنووسساز.




